رۆحانی: ئەمریکا توانای ئەوەی نییە پێوەندیی دەرەوەیی ئێران لەگەڵ ناوچە و جیهان بپچڕێنێ
سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران وتی : ئەمریکا توانایی ئەوەی نییە پێوەندی بازرگانی ئێران لەگەڵ ناوچە و جیهان بپچڕێنێ.
حەسەن رۆحانی، سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕۆژی سێشەممە لە کۆڕی خەڵکی شاهروود سەر بە پارێزگەی سمنان لە ڕۆژهەڵاتی تاران، وتیشی : ئەمریکا دەبێ بزانێ گەلی ئێران لەگەڵ وڵاتانی ناوچە و جیهان پێوەندی فەرهەنگی و ئابووری وسیاسی خۆی هەر دەپارێزێ و پێوەندیی خۆیان لەگەڵ دراوسێکان و وڵاتانی ئیسلامیش، پەرەپێ دەدەن.
روحانی بە ڕاگەیاندنی ئەوەی کە ئێرانی دەسەڵاتدار ، بۆ ئەمریکا و زایۆنیستەکان تاقەت پڕۆکێنە و گەلی ئێران هیچکات لە بەرامبەر دوژمن سەری دانەنواندوە و سەریش دانانوێنێ وتی : گەلی مەزنی ئێران سەلماندوویەتی کە لە ئاکامدا لەشەڕی دژ بە ئەمریکا، سەردەکەوێت .
سەروک کۆماری ئێران بە ئاماژەدان بەمەی ئەمریکا بەنیازە پێوەندی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەڵ وڵاتانی جیهان لاواز بکات، وتیشی : پێوەندییەکانی ئێران لەچاو ڕابردوو دۆستانەتر بووە بەتایبەت لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی لە ڕۆژاوا واتە لەگەڵ ئێراق و تورکیا و لە باکوور لەگەڵ کۆماری ئازەربایجان، ڕووسیا و کازاخستان و تورکمەنستان و لە ڕۆژهەڵات لەگەڵ ئەفغانستان و پاکستان و لەباشوور لەگەڵ عومان، قەتەر و کوێت؛ ڕاستییەکەی ئەوەیە ئەمریکا ناتوانێ پێوەندی بازرگانیی ئێران لەگەڵ ناوچە و جیهان بپچڕێنێ.
سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە ڕاگەیاندنی ئەمەی هێزە چەکدارەکان، ڕێبەرایەتی و ئەرکانی نیزامی ئیسلامی بۆ ئاسایشی ، ئێراق ، سوریا، لوبنان ، یارمەتی گەلانی ناوچە دەدەن، وتیشی : ئەمڕۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران هەوڵ دەدات هەتا یارمەتی بداتە خەڵکی ستەملێکراوی یەمەن لەبەرامبەر دەستدرێژکاری ئالی سعود لە گۆڕەپانی شەڕی سەربازی و سیاسی.
حەسەن روحانی سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران و ژمارێک لە وەزیرانی کابینەی ئەمڕۆ سێ شەممە گەیشتوونەتە پارێزگەی سمنان.
بەشداری لە کۆبوونەوەی سەرانسەریی نوێژ، وتاردان بە بۆنەی ڕۆژی خوێندکار لەنێو کۆڕی خوێندکارانی پارێزگەکە و ئامادە بوون لە ئەنجومەنی ئیداری پارێزگەی سمنان لە نموونەی بەرنامەکانی سەرۆک کۆماری ئێران لەم سەفەرە دوو ڕۆژەیە.