رۆحانی: سەردەمی سەپێندرانی سیاسەتەکانی ئەمریکا بەسەر ناوچەدا، کۆتایی پێهاتووە
سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران وتی: چاخی سەپێندرانی سیاسەتەکان بەسەرچووەو ئەمریکا ناتوانێ لەهەزاران کیلۆمتر ئەولاتر بۆ گەلانی ناوچە، سیاسەت دیاری بکات.
"حەسەن رۆحانی" سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران سەرلەئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە پێش جێهێشتنی تاران بەرەو ئانکارا لە وتووێژ لەگەڵ پەیامنێران، وتی: هەڵوێستەکانی حکومەتی تورکیا لەهەمبەر پیلانی گەمارۆکانی ئەمریکا دژ بە ئێران وەک دراوسێکانی دیکە، هەڵوێستێکی لێبڕاوانەو کاریگەر بووە.
رۆحانی کە بەئامانجی بەشداربوون لە پێنجەمین ئەنجومەنی باڵای ستراتژیکی ئێران وتورکیا لەسەرووی شاندێکی پلەبەرزدا سەردانی ئانکارا دەکا، وتی: لەو سەفەرەدا پرس وبابەتی دوو قۆڵی، ناوچەیی، جیهانی و هەروەها پرس وبابەتی هاوکاری ئابوری، بانکی، تیجاری لەبواری وزە، نەوت و گاز تاووتوێ دەکرێ.
سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران وتی: لەو سەفەرەدا تاجران وبازرگانانی ئێران وتورکیا لەچوارچێوەی کۆمپانیا تایبەتیەکان بەئامادەبوونی سەرۆک کۆمارانی دوو وڵات دانیشتنی هاوبەش بەڕێوە دەبەن.
رۆحانی، ئاسایشی ناوچەو بەرەنگاربوونەوەی ترۆریزمی لە بابەتەکانی دیکەی هاوکاریی ئێران وتورکیا ناوبردو وتی: بەسەرنجدان بەوەی کە تورکیا خەریکی سازکردنی شوورەیەک لەسنورە رۆژهەڵاتییەکانی و سنورە رۆژاواییەکانی ئێرانە، گرینگی دان بە پرسی ژینگە، لە بابەتەکانی دیکەی ئەو سەفەرەیە.
سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەروەها بەئاماژە بە دانوستانی سێ قۆڵیی ئێران، تورکیاو ڕووسیا بۆ چارەسەریی قەیرانی سوریا وتی: ئێران لەدەسپێکی قەیرانی سوریا، خوازیاری چەسپاندنی ئاسایش، گەڕانەوەی ئاوارە سوریەکان بۆ ماڵەکانیان و سپاردنی چارەنووسی سوریا بە خەڵکی ئەو وڵاتە بوو.
حەسەن ڕۆحانی سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران پاش وتووێژ لەگەڵ پەیامنێران، تارانی بەرەو ئانکارا جێهێشت.