شوبات 06, 2019 16:05 Asia/Tehran
  • رۆحانی : ئامادەبوونی خەڵک لە ڕێپێوانی٢٢ی بەهمەن، وەڵامێکی گورچکبڕە بە پیلانگێڕیی دوژمنان

سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران، وتی: ئامادەبوونی حەماسیی و پڕشکۆی خەڵک لە ڕێپێوانی٢٢ی بەهمەن، وەڵامێکی لێبڕاوانەیە بە پیلان و دهۆی دوژمنان.

"حەسەن رۆحانی" سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەمڕۆ چوارشەممە پاش کۆتایی کۆڕی ئەنجومەنی وەزیران، وێڕای پیرۆزبایی بە بۆنەی چلەمین ساڵوەگەڕی سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی، بانگەوازی هەموو گەلی ئێرانی کرد بۆ ئامادەبوونی بەرفراوان و پڕشکۆ لە ڕێپێوانی٢٢ی بەهمەن و وتی: خەڵکی ئێران خاوەنانی سەرەکیی شۆڕشی ئیسلامین.

رۆحانی بەئاماژە بە پیلانگێڕیی دوژمنان  لەدژ گەلی ئێران، وتی: لە یەکساڵی ڕابردوودا دوژمنانی شۆڕشی ئیسلامی واتە ئەمریکی و زایۆنییەکان هەوڵیاندا خەڵکی ئێران لەحاند داهاتوو بێهیوا بکەن.

سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران وتی: خەڵکی ئێران سەرباری هەموو دوژمنکارییەکان ، بەئامادەبوون وهاوبەشبوونیان پێشانی گەلانی جیهانی ئەدەن کە تەواو هیوایان بەدواڕۆژ هەیەو قەت بێهیوا نابن.

رۆحانی بەئاماژە بەوەی کە حکومەتی نوێی ئەمریکا هەردەم بەگفتێکی نەگونجاو و بەدور لەڕاستییەکان لەگەڵ گەلی ئێراندا قسەدەکا، وتی: کێشەکانی ناوچە، سەرچاوەگرتوو لە دەسوەردان و ئامادەبوونی نەگونجاوی ئەمریکایەو گەلانی ناوچە باش ئاگاداری ئەوەن کە ئێران هەردەم لەپێناو چەسپاندنی ئاشتی و سەقام لەناوچەدا هەوڵی داوە.

سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەپێداگری لەسەر ئەوەی کە ئێران خۆی قوربانی ترۆریزمە بەڵام هەمیشە لەهەمبەر ترۆریزمدا، شێلگیرانە ڕاوەستاوە، پێی داگرت: ئەمرۆ بەشی زۆری ئاسایشی ناوچە سەرچاوەگرتوو لە داکۆکیی جیددیی ئێران لە گەلانی ناوچەیە لەهەمبەر ترۆریزمدا.

رۆحانی بەئاماژە بەوەی کە دەسوەردانەکانی ئەمریکا تەنیا بە ناوچەی رۆژاوای ئاسیا بەرتەسک نابێتەوە، وتی: ئەمڕۆ ئەمریکییەکان دەسوەردانی کاروباری ئەمریکای لاتین و ڤێنزۆئێلا دەکەن و ڕەوتێک کە ئەوان گرتوویانەتە پێش، تەنانەت بەقازانجی ئەمریکاو خەڵکی ئەو وڵاتەش نییە.

سەرپەیڤ