رۆحانی : بەئیرادەی گەلی ئێران، بازدان بەسەر بایکۆتەکان مومکینە
سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران وتی: خەڵکی ئێران دەسەڵاتی زاڵبوون بەسەر هەموو کێشەو گرفتەکانیان هەیەو بازدان بەسەر بایکۆتەکان بەئیرادەی گەل مومکینە.
"حەسەن ڕۆحانی" سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەمڕۆ سێ شەممە لەکۆڕبەندی ساڵانەی بانکی مەرکەزی، بەئاماژە بەوەی کە ئەمریکا هەموو توانای خۆی خستووەتەگەڕ بۆ بایکۆت کردنی سیستەمی بانکی، فرۆشی نەوت و گشت بوارە ئابوریەکانی ئێران، وتی: وەزارەتی دەرەوە، وەزارەتی نەوت و بانکی ناوەندیی ئێران لەهێڵی پێشەوەی بەرەنگاربوونەوەی زەخت و گوشارە ئابوریەکانی ئەمریکا ڕاوەستاون.
رۆحانی بەئاماژە بەوەی کە بەشێوەی ئاسایی دەبێ لەبارودۆخی بایکۆتدا تەرازی تیجاریی وڵات گونجاو نەبێ، وتی: تەرازی تیجاری ئێران لە یازدە مانگی ڕابردوودا ئەرێنییە، بەجۆرێک کە کۆماری ئیسلامی لەو ماوەدا چل ملیارد دۆلار هەناردەی غەیرە نەوتی و ٣٨و نیو میلیارد دۆلار هاوردەی بووە.
سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەئاماژە بەوەی کە ئێران لە ناوچەدا هەنگاوی مەزنی هەڵگرتووە، وتی: بەشێک لەو کارو هەنگاوانە لەلایەن سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی، وەزارەتی دەرەوەو بەشی ئابوریی ئێران ئەنجامی گرتووە کە ئەوە پێشاندەری یەکڕیزیی نێوان بەشە جیاجیاکانی وڵاتە.
رۆحانی ئاماژەشی کرد بە سەفەری رۆژی دووشەممەی "بەشار ئەسەد" سەرۆک کۆماری سوریا بۆ تاران و وتی: سەرۆک کۆماری سوریا بۆ ڕێزگرتن لە گەل، حکومەت و ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی سەردانی تارانی کرد.