ئێران و ئەرمەنستان لەهەوڵی پەرەپێدانی هاوکاریی دوو لایەنە
سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران و سەرۆک وەزیرانی ئەرمەنستان جەختیان کرد لەسەر پەرەی پەیوەندیی وهاوکارییە دوو قۆڵییەکان لەبواری جیاجیادا.
"حەسەن ڕۆحانی" رۆژی چوارشەممە لەدانیشتنی هاوبەشی شاندە باڵاکانی ئێران و ئەرمەنستان لەتاران، وتی: ئێران هەردەم خوازیاری پەرەی پەیوەندیەکان و هاوکاری لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بەتایبەت ئەرمەنستان بووەو ئەو ڕەوتە شێلگیرانە پێوشوێن دەگرێ.
رۆحانی گۆڕانکارییەکانی ئەرمەنستانی بەئاشتیانەو لەئاراستەیەکی دیموکراتیکدا لێکدایەوەو وتی: سەفەری سەرۆک وەزیرانی ئەرمەنستان بۆ ئێران، دەبێتە مایەی پتەوبوونی زیاتری پەیوەندییە سیاسی، ئابوری، فەرهەنگییەکان و پەرەی پەیوەندییە جەماوەریەکان لەنێوان گەلانی دوو وڵاتدا.
سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەپێداگری لەسەر پێویستیی هەوڵدان بۆ کەڵک وەرگرتن لەتواناو پتانسێلەکانی بەردەم لەئاراستەی گەشەپێدان، بەهێزکردن وپتەوکردنی هەرچی زیاتری پەیوەندییەکان وهاوکاریی هەمەلایەنەی تاران-ئیرەوان، وتی: ئەمڕۆ ئیرادەی سیاسی و خولیای پێویست بۆ پەرەی پەیوەندیی و هاوکاریی لەدوو حکومەتدا هەیە.
رۆحانی وتیشی: بەرپرسانی ئێران و ئەرمەنستان دەبێ بەهەوڵ و بەرنامەڕێژیی شیاو لە کۆمیسیۆنی هاوبەشی هاوکاریی دوو وڵات، بارودۆخی پێویست بۆ پەرەی هەمەلایەنەی پەیوەندییەکان، ئامادە بکەن.
"نیکۆل پاشینیان" سەرۆک وەزیرانی ئەرمەنستانیش لەو دانیشتنەدا، بەئاماژە بەوەی کە ئێران ، دۆست وبرادەری نزیک ودراوسێی ئەرمەنستانە، وتی: ئیرەوان هۆگری پەرەپێدان و قووڵکردنەوەی پەیوەندیی هەمەلایەنەو بەرزکردنەوەی ئاستی هاوکاری لەبواری ئابووری، فەرهەنگی، کشت و کاڵ، گواستنەوە، پەیوەندییەکان وگەشتیاری لەگەڵ تاران دایە.
پاشینیان وێڕای ڕێزگرتن لە حکومەت و گەلی ئێران بۆ ڕەخساندنی بارودۆخی زۆر شیاو بۆ شارومەندانی ئەرمەنی دانیشتووی ئێران، پەیوەندیی نێوان نەتەوەکانی دوو وڵاتی بەهۆکارێکی گرینگ زانی لەپتەوکردنی پەیوەندیی و هاوکارییەکان.