رۆحانی : پەیوەندیی ئێران و عێراق، مۆدێل و سەرچەشنێکی بێ وێنەیە لەناوچەدا
سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران، پەیوەندییەکانی تاران و بەغدای بە زۆر نموونەو بە سەرچەشنێکی کەم وێنە لەناوچەدا زانی و هیوای خواست: ئەو مۆدێلەی پەیوەندییەکان، بۆ هەموو ناوچەکە ، مۆدێلێکی کارتێکەر و بەسوود بێ.
"حەسەن رۆحانی" ئەمڕۆ شەممە لەکاتی وەرگرتنی نامەی مانەوەی "عەبدوڕەحمان سەعد جەواد قەندیل" باڵوێزی نوێی عێراق لەتاران، بەئاماژە بەوەی کە پتانسێل و توانای بەرفراوان هەیە بۆ پەرەی زیاتری هاوکاریی نێوان دو ووڵات، وتی: هۆگریی خەڵکی ئێران و عێراق، کەم وێنەو سەرمایەیەکە لەئاراستەی گەشەو پەرەی پەیوەندییە هاوبەشەکان لەگشت بوارەکاندا.
رۆحانی، بەئاماژە بەوەی کە چەسپاندن و بەهێزکرانی ئاسایش، گەشە، پێشکەوتن و ئاوەدانیی عێراق وەک وڵاتێکی برادەر، دراوسێ و دۆست، ئاواتی گەل وحکومەتی ئێرانە، پێی داگرت: ئێران وەک برایەک لەگشت بوارەکان و ڕووداوە تاڵ و شیرینەکان، لەتەنیشت حکومەت وگەلی عێراقدا بووەو دەبێ.
سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەروەها بەئاماژە بە سەفەری بەم زووانەی بۆ عێراق، هیوای خواست: لەو سەردانەدا، ڕێککەوتنی بەنرخ وگرینگ دەکرێ لەئاراستەی پەرەپێدان و قووڵ کردنەوەی پەیوەندییەکانی دوو وڵات.
"عەبدوڕەحمان سەعد جەواد قەندیل" باڵوێزی عێراق لە تارانیش لەو چاوپێکەوتنەدا وێڕای ئاراستەکردنی نامەی مانەوەی خۆی بە ڕۆحانی، وتی: عێراق خوازیاری پەرەپێدان و قووڵ کردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئێرانە لەگشت بوارەکاندا.
عەبدوڕەحمان سەعد جەواد قەندیل بەئاماژە بەوەی کە ئێران وەک یەک لە گرینگترین وڵاتان بۆ عێراق دێتەئەژمار، وتی: هەوڵی بەغدا، پەرەی زیاتری پەیوەندییەکان لەگەڵ تارانە.
باڵوێزی عێراق لە تاران پێی داگرت: عێراق ئامادەی پێشوازیی لە سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەو هیوادارین، ڕێککەوتنەکانی ئەو سەردانە، هەنگاوێکی بەنرخ بێ لە پتەوکرانی هەرچی زیاتری پەیوەندییەکان.