دوایین ھەواڵەکان لە بارەی لافاوەکەی شیراز ـــ ١٩ کوژراوو ١٠٥ بریندار
ژمارەی قوربانیانی لافاوەکەی ڕۆژی دووشەممەی شاری شیرازی ناوەندی پارێزگای فارسی باشووری ئێران بۆ ١٩ کوژراو بەرز بووەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ئیرنا، سەعید نەمەکی وەزیری تەندروستی و دەرمان و فێرکاریی پزیشکیی ئێران، ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە لە کۆبوونەوەی بنکەی قەیرانی پارێزگای فارس وتی: ژمارەی قوربانیانی لافاوەکەی شیراز بۆ ١٩ کەس بەرز بووەتەوە.
پیرحسەین کولیوەند سەرۆکی ڕێکخراوەی فریاکەوتنی ئێرانیش ژمارەی بریندارانی لافاوەکەی شیرازی ١٠٥ کەس ڕاگەیاندو وتیشی: کۆمەڵێک لەم بریندارانە لە نەخۆشخانەدا خەوێندراون و ژمارەیەکیشیان ھەر بە پێوە چارەسەر کراون.
«موحەممەد باقر نەوبخت» سەرۆکی ڕێکخراوەی بەرنامەو بوجەی ئێرانیش کە دوای ڕووداوەکە سەردانی شیرازی کردووە، ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی بەڕێوەبەرایەتیی قەیرانی پارێزگای فارس، وێڕای پێداگرتن لە سەر ڕاگەییشتنی تایبەتی بە ڕەوشتی ئەو بریندارانەی ڕووداوەکە کە لە نەخۆشخانەو ناوەندەکانی دەرمان کردندا بەسەر دەبەن، وتی: ھەموو تەگبیرێکی پێویست بۆ قەرەبوو کردنەوەی لێقەوماوانی کارەساتەکە کراوە.
جێگای ئاماژەیە دوابەدوای بارانبارینێکی دەگمەن لە ماوەی ڕۆژانی ئەم دواییەدا، چەندین پارێزگای ئێران لەوانە گوڵستان، مازەندەران، فارس، لوڕستان و کرماشان تووشی لافاو ھاتوون. بەپێی تازەترین ھەواڵ و زانیارییەکان لافاوەکەی ڕۆژی دووشەممەی شیراز لە پارێزگای فارس ھەڵکەوتوو لە باشووری ئێران ١٩ کوژراوو زیاتر لە سەد برینداری لێکەوتووتەوە . لافاوەکەی ڕۆژی دووشەممە لە ناوچەی «دەروازە قورئان»ی شیراز لانیکەم دووسەد ترۆمبیلیشی بردووەو زیانێکی قورسی بەجێ ھێشتووە.
تاقمی جۆربەجۆری ڕێکخراوەکانی فریا کەوتن لەوانە کۆمەڵەی مانگی سووری ئێرانیش بۆ بەھاناوە چوونی لێقەوماوانی لافاوەکەی شیراز لە پارێزگای فارس دا سەقامیان گرتووە.
ھەروەھا بە فەرمانی حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی، سەیید مەحمود عەلەوی وەزیری ئیتیلاعاتی ئێرانیش، بۆ بەسەر کردنەوەو چاودێری و لێکدانەوەی ڕادەی زیانەکانی لافاوەکەی پارێزگای فارس بەرەو شیراز وەڕێ کەوتووە.