ڕۆحانی: پێشگرتن بە گەییشتنی یارمەتیی مرۆڤدۆستانەی نێونەتەوەیی بە لێقەوماوانی لافاوەکەی ئێران تاوانێکی دەگمەنە
سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی ڕایگەیاند: ئەوەی کە پێش بە گەییشتنی یارمەتیی مرۆڤدۆستانەی دەرەوەیی بە ئێران دەگیردرێت و مانگی سوور ئالەم دۆخە نالەبارەدا ناتوانێ یارمەتیی مرۆڤدۆستانە لە وڵاتانی دیکە وەربگرێت، تاوانێکی دەگمەنە.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕادیۆو تەلەفزیۆنی ئێران، حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی ڕۆژی چوارشەممە ھاوکات لەگەڵ جێژنی پیرۆزی مەبعەس، لە دیداری لەگەڵ کۆمەڵێک لە وەزیران، بەڕێوەبەرانی دام و دەزگاکانی کارگێڕی، بەرپرسان و کۆمەڵێک لە نوێنەرانی مەجلیسی شورای ئیسلامیی ئێران وتیشی: وەزارەتی کاروباری دەرەوەو پێکھاتەکانی مافەوانیی ئێران دەبێ بە شێوەیەکی یاسایی بەدوادا چوون بکەن بۆ ئەم بابەتەو ئەوە ڕوون کەنەوە کە بۆچی تەنانەت ئێرانییەکانی دانیشتووی ھەندەرانیش بۆیان نییە لە ئاوا ھەل و مەرجێکدا، یارمەتییەکانیان ڕادەستی ھاووڵاتیانیان لە ئێراندا بکەن.
لەماوەی دوو حەوتەی ئەم دواییەدا لافاو ناوچەکانی باکوور، ڕۆژئاواو باشووری ئێرانی ھەڵگرتووەو زیانێکی گیانی و دراڤیی قورسی لێ کەوتووەتەوە. لەم ناوەدا ئەمریکا ھەژماری بانکیی متنگی سووری ئێرانی داخستووەو بەم کارە دزێوەی لە کردەوەدا یارمەتی گەیاندنی وڵاتانی دیکە بە خەڵکی لێقەماوی ئێرانی تووشی کێشە کردووە.