رۆحانی: ئەمریکا دەیەوێ بە ترۆریست ناوبردنی سپا، شکستەکەی خۆی قەرەبوو بکاتەوە
سەرۆک کۆماری ئێران بەپێداگری لەسەر ئەوەی کە سپای پاسداران، ترۆریستی لەناوچەدا بنبڕ کرد، وتی: ئیستکباری جیهانی و ئەمریکا دەخوازێ ڕق و قین و شکستی خۆی لەدژ گەلی ئێران بە، بەترۆریست ناوبردنی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی قەرەبوو بکاتەوە.
"دۆناڵد ترامپ" سەرۆک کۆماری ئەمریکا رۆژی دووشەممە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی خستووەتەنێو پێڕستی گرووپە ترۆریستییەکانی ئەمریکا.
"حەسەن رۆحانی" ئەمڕۆ سێ شەممە لە ڕێوڕەسمی ساڵڕۆژی نیشتمانیی تەکنۆلۆژیای ناڤۆکی ئێرانی و پەردەلادان لە١١٤دەسکەوتی نوێی زانستوەرانی ئێرانی لەتاران بەپێداگری لەسەر ئەوەی کە لەمڕۆوە، ئاستی خۆشەویستیی سپا لەهەر کاتێکی دیکە لەدڵی گەلی ئێران وناوچەدا زیاتر دەبێ، وتی: سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی لەبەر کینەو نەفرەتی ئەمریکاو زایۆنییەکان دایە چونکە هەردەم لەتەنیشت گەلانی ناوچەداو ئاڵاهەڵگری مەزنی خۆڕاگریی بووە.
سەرۆک کۆماری ئێران بەئاماژە بەوەی کە هیچ کەس لەجیهانداو هیچ نەتەوەیەک ناتوانێ ئیدیعا بکات کە زیاتر لە گەلی ئێران قوربانی تیرۆریزم بووە، وتی: گەلی ئێران قوربانی ترۆریزمێکی چێکراو و جێی داکۆکیی زلهێزان بووە.
رۆحانی هەروەها بەئاماژە بە یارمەتییە ڕاوێژکارییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە عێراق و سوریا لەسەر داوای فەرمیی حکومەتانی ئەو وڵاتانە، وتی: ترۆریستانی ناوچە لەلایەن ئەمریکاوە داکۆکی دەکرێن وهان دەدرێن وهێشتا ئەو وڵاتە ئامادە نییە لەدژ داعش شەڕبکات و داڵدەی ئەو گرووپە ترۆریستییە دەدا.
سەرۆک کۆماری ئێران ڕوو لە سەرانی حکومەتی ئەمریکا وتی: ئەمریکا لەکاتێکدا دەزگە شۆڕشگێڕیی و خەباتکارییەکانی جیهان بە ترۆریست ناودەبا کە خۆی لەسەرووی ترۆریستانی جیهاندایە.
سەرۆک کۆماری ئێران لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا بەپێداگری لەسەر ئەوەی کە بایکۆت وگەمارۆ ناتوانێ پێش بە گەشەو پێشکەوتنی گەلی ئێران بگرێ، وتی: گەلی ئێران سەرباری سەپێندرانی سزا و ئابلۆقە بەسەریدا، توانی مووشەک و چەکەمەنی وەها دروست بکات کە قەت بەرپرسانی ئەمریکی بیریشیان لێ نەکردۆتەوە.
رۆحانی بەئاماژە بەوەی کە پەردەلادران لە دەسکەوتە ناڤۆکییەکانی ئێران، سەلمێنەری ناسەرکەوتوو بوونی بایکۆتەکانی ئەمریکایە، جەختی کرد لەسەر پێویستیی جێ بەجێ کرانی وادەوبەڵێنیەکان لەلایەن لایەنەکانی دانوستانی ناڤۆکی لەگەڵ ئێران.