May 01, 2019 08:24 Asia/Tehran
  • عەراقچی : تاقەتی ئێران لە بارەی ڕێککەوتنی بەرجامەوە خەریکە بەسەر دەچێت

یاریدەری سیاسیی وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران بە دەربڕینی ئەمەی کە ڕێککەوتنی بەرجام لە بەر ھەڵوێستەکانی ئەمریکا کەوتووەتە مەترسییەوەو ھەرکات لەوانەیە کۆتایی پێ بێت، پێی داگرت: تاقەتی ئێران خەریکە بەسەر دەچێت.

«سەیید عەبباس عەراقچی» یاریدەری سیاسیی وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران  کە بۆ ڕاوێژە سیاسییەکانی ئێران و تورکیا لە ئانکاردا بەسەر دەبات، ڕۆژی سێ شەممە لە کۆبوونەوەی سیاسیی ناوەندی موتاڵای ستراتژیی تورکیا لە ئانکارا وتی: ساڵێک بە سەر کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی بەرجام تێ دەپەڕێ و سێ وڵاتی ئەورووپیی لایەنی بەرجام واتە بریتانیاو فەرانساو ئاڵمانیا ھێشتا بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئێران لەم ڕێککەوتنە دا ھیچ ڕێگاچارەیەکیان نەدۆزیوەتەوە.

«سەیید عەبباس عەراقچی» وێڕای ئاماژە کردن بە ١٤ ڕاپۆرتی ناوەندی نێونەتەوەیی وزەی ناڤۆکی لە بارەی پێبەند بوونی ئێران بە ڕێککەوتنی بەرجام وتیشی: ئێران ھەتا ئێستا لە ڕێککەوتنی بەرجام ھیچ قازانجێکی نەکردووە.

یاریدەری سیاسیی وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران ئاماژەی کردە وەڕێ خرانی میکانیزمی تایبەتی ئەورووپا لەگەڵ ئێران ناسراو بە« ئینیتێکس»و وتیشی: ئەم میکانیزمە ھێشتا چالاک نەکراوە.

«سەیید عەبباس عەراقچی» وتیشی: کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی بەرجام کە بە پێچەوانەی پەسەند کراوەکانی ئەنجومەنی ئاسایشتی ڕێکخراوەی نەتەوەکان بووە، بووەتە ھۆی دابەزینی ئاستی متمانەی ئێران بە بڕیارنامە نێونەتەوەییەکان.

مانگی مای ساڵی ٢٠١٨ ھاوکات لەگەڵ کشانەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ناڤۆکیی بەرجام، باسی وەڕێ خرانی میکانیزمێکی دراڤیی تایبەت بۆ ئاسانکاری لە بواری سات و سەوداو بازرگانیی کۆمپانیا بچوک و گەورەکانی ئەورووپی لەگەڵ ئێران ھاتە ئاراوە، لەو کاتەوە ھەتا ئێستا ئەورووپا ھەمو جارێک تاپۆ کردنی ئەم میکانیزمە بە بیانووی جۆربەجۆر پەک پێ دەخات.

ئەورووپا ٣١ی ژانویەی ٢٠١٩ سەرەنجام دوای چەندین مانگ بە فەرمی وەڕێ خرانی میکانیزمی تایبەتی سات و سەوداو بازرگانیی ئەورووپا لەگەڵ ئێران ناسراو بە« ئینیتێکس»ی ڕاگەیاند. ئەم میکانیزمە دراڤییە ھێشتا نەچووەتە واری جێبەجێ کردنەوە.

جێگای ئاماژەیە داناڵدترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا ھەشتەمی مانگی مای  ٢٠١٨  وێڕای دووپات کردنەوەی ھێندێک بوختانی بێ ناوەڕۆکی دژی ئێران کشانەوەی یەکلایەنەو نایاسایی وڵاتەکەی لە ڕێککەوتنی ناڤۆکیی بەرجام و گەڕاندنەوەی بایکۆتەکانی سەر ئێرانی ڕاگەیاند. ئەم گەمارۆیانە بەشێوەیەکی ڕاستەخۆ سێرەی بۆ گەلی ئێران گرتووەو ھەرچەشنە چەواشەکارییەکی ئەمریکییەکانش لەم بوارەدا لە ڕاستی دا پەلەقاژەیە بۆ پاساودانی ئەو ھەنگاوە دزێوە لەلای بیروڕای گشتیی جیھان.

سەرپەیڤ