May 06, 2019 18:03 Asia/Tehran
  •   بەم زووانە بەشێک لە چالاکییە ناڤۆکییەکانی ئێران دەست پێ دەکاتەوە

یاریدەری سیاسیی وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران وتی: ئێران لە کاردانەوە بەرامبەر بە کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ناڤۆکیی بەرجام و بێ بڵێنییەکانی وڵاتانی ئەورووپی لە مەڕ ڕاپەڕاندنی ئەستۆگرییەکانیان، لە یەکەم ھەنگاودا، بەشێک لە چالاکییە ناڤۆکییەکانی خۆی کە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی بەرجام دا، ھەڵپەسێردرا بوو، دەست پێ دەکاتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕادیۆو تەلەفزیۆنی ئێران، «سەیید عەبباس عەراقچی» یاریدەری سیاسیی وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران ڕۆژی دووشەممە وێڕای پێداگری لە سەر ئەمەی کە جارێ باسی کشانەوەی تاران لە ڕێککەوتنی ناڤۆکیی بەرجام لە ئارادا نییە، وتیشی: بەرنامە گەڵاڵەکراوەکانی ئێران لە چوارچێوەی بڕگەی ٣٦ی ڕێککەوتنی بەرجام ناترازێن ، ھەڵبەت دیارە ھێندێک لە ئەستۆگرییەکانی تاران لە ڕێککەوتنەکەدا کەم دەبێتەوە.

 بە پێی بڕگەی ٣٦ی ڕێککەوتنی بەرجام، ئێران بۆی ھەیە لەکاتێکدا کە بایکۆتەکان بگەڕێنەوە، بڕێک لە ئەستۆگرییەکانی خۆی سوک کاتەوە.

عەراقچی وتیشی: ھەنگاوی بەرامبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ھەمبەر کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی بەرجام و پەیمان شکاندنی وڵاتانی ئەورووپی لە ڕاپەڕاندنی بەڵێنەکانیان، ڕۆژی چوارشەممە ھەشتەمی مانگی مەی  واتە ساڵگەڕی کشانەوەی ئەمریکا لە بەرجام، ڕادەگەیەندرێت. داناڵدترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا ھەشتەمی مانگی مای  ٢٠١٨  وێڕای دووپات کردنەوەی ھێندێک بوختانی بێ ناوەڕۆکی دژی ئێران کشانەوەی یەکلایەنەو نایاسایی وڵاتەکەی لە ڕێککەوتنی ناڤۆکیی بەرجام و گەڕاندنەوەی بایکۆتەکانی سەر ئێرانی لە دوو قۆناغ دا ڕاگەیاند. ئەم گەمارۆیانە بەشێوەیەکی ڕاستەخۆ سێرەی بۆ گەلی ئێران گرتووەو ھەرچەشنە چەواشەکارییەکی ئەمریکییەکانش لەم بوارەدا لە ڕاستی دا پەلەقاژەیە بۆ پاساودانی ئەو ھەنگاوە دزێوە لەلای بیروڕای گشتیی جیھان . ئەمەش لە ھەل و مەرجێکدایە کە کاربەدەستانی ئەورووپاش لە ماوەی یەکساڵی ڕابردوو بەس بە ھێنانە ئارای وادەوبەڵێنی ڕانەپەڕێندراو لە بەرامبەر پێبەند بوونی ئێران بە ڕێککەوتنی بەرجام بەسەندەیان کردووە.

 

سەرپەیڤ