May 09, 2019 09:28 Asia/Tehran
  • عەراقچی: کشانەوەی ئێران لە ڕێککەوتنی بەرجام لە فەرمانی کاردایە

یاریدەری سیاسیی وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران وێڕای پێداگرتن لە سەر ئەمەی کە تاران ھەتائێستا لە ڕێککەوتنی بەرجام نەکشاوەتەوە، پێی داگرت: کۆماری ئیسلامیی ئێران کشانەوە لەم ڕێککەوتنە نێونەتەوەییەی خستووەتەنێو بەرنامەی کاری خۆیەوە.

«سەیید عەبباس عەراقچی» یاریدەری سیاسیی وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران شەوی پێنج شەممە لە وتووێژێکی تایبەتی لەگەڵ کەناڵی ئووی تەلەفزیۆنی ئێران وتی: ھیچ وڵاتێک ناتوانێ ئێران بە کشانەوە لە بەرجام و یان پێشێلکردنی ئەم ڕێککەوتنە تۆمەتبار بکات، چونکو تەواوی ھەنگاوەکانی ئێران لەوانە ھەنگاوە تازەکانیشی ھەر لە چوارچێوەی بەرجام دا بووە.

یاریدەری سیاسیی وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران پێی داگرت: کۆماری ئیسلامیی ئێران ھەتائێستا لە بەرجام نەکشاوەتەوە، بەڵام کشانەوە لەم ڕێککەوتنە لە بەرنامەدایەو ئەم کشانەوەیەش قۆناغ بە قۆناغ ئەنجام دەگڕێت.

یاریدەری سیاسیی وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران ئەوەشی وەبیر ھێنایەوە کە داناڵد ترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا ھەر لە سەرەتاوە ھەل و مەرجێکی بەدی ھێنا کە ئێران لە بەرجام بکشێتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەو شێوازەی ئەمریکادا بە تەگبیرەوە ھەڵس و کەوت کرا.

عەراقچی وتیشی: ئەمریکا قۆناغ بە قۆناغ بایکۆت و گوشارەکانی سەر ئێرانی قورستر کرد، کەچی ئێران بەوپەڕی بیرتیژی و تەگبیرەوە ھەوڵی دا ھەتا نەکەوێتە داوی ئەمریکاو دەرفەتی دایە دنیاو ئەندامانی دیکەی ڕێککەوتنەکەی بەرجام.

یاریدەری سیاسیی وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران پێی داگرت: دەرفەت دانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە ئەورووپاو چین و ڕووسیا بووەھۆی ئەوەی کە ئەمریکا ڕابگەیەنێت، فرۆشی نەوتی ئێران دەگەیەنێتە ئاستی سیفر لە ئەنجام دا ئێرانیش ڕەوتی سوک کردنەوەی ھێندێک لە ئەستۆگری و بەڵێنەکانی خۆی لە ڕێککەوتنی بەرجام دا گرتە بەر.

«سەیید عەبباس عەراقچی» یاریدەری سیاسیی وەزیری کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران جەختیشی کرد: وڵاتانی ئەندامی ڕێککەوتنەکەی بەرجام دەزانن کە ناردنی دۆسیەی ئێران بۆ ئەنجومەنی ئاسایشتی ڕێکخراوەی نەتەوەکان ھێڵی سووری ئێرانەو ئەگەر بێتوو ئەو ھێڵە سوورە ببەزێندرێت، ئەوسا ئیدی بەرجام بە یەکجاری لەنێو دەچێت.

جێگای ئاماژەیە داناڵدترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا ھەشتەمی مانگی مای  ٢٠١٨  بە دووپات کردنەوەی ھێندێک بوختانی بێ ناوەڕۆکی دژی ئێران ، بە شێوەیەکی یەک لایەنە وێڕای پێشێلکردنی ئەرکەکانی واشێنگتۆن لە ڕێککەوتنی بەرجام دا لەم پەیمانە نێونەتەوەییە کشایەوەو گەڕانەوەی بایکۆتەکانی دژی ئێرانی ڕاگەیاند.

ئەو ھەنگاوە یەک لایەنەیەی ئەمریکا لە بەر پێشێلکردنی بڕیارنامەی ئەنجومەنی ئاسایشتی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ دژایەتیی بەربڵاوی جیھانی دا بەرەوڕوو بووەتەوەو وڵاتانی جۆربەجۆری جیھان ڕایانگەیاندووە کە پشتگری لە بایکۆتە دژی ئێرانییەکانی ئەمریکا ناکەن.

سەرپەیڤ