تەخت ڕەوانچی: سوک کرانەوەی ھێندێک لە بەڵێنەکانی ئێران لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی بەرجام دایە
باڵوێزو نوێنەری ھەمیشەیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕێکخراوەی نەتەوەکان وتی: لە بەر ملھوڕایەتیی ئەمریکاو زۆرھانینی بۆ ھێندێک لە ھاوپەیمانەکانی لەمەڕ دابین نەکردنی بەرژەوەندییەکانی ئێران لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ناڤۆکی، ئێران سوورە لە سەر ئەوەی کە ھێندێک لە بەڵێنەکانی لەچوارچێوەی ڕێککەوتنی بەرجام دا سوک کاتەوە.
«مەجید تەخت ڕەوانچی»باڵوێزو نوێنەری ھەمیشەیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕێکخراوەی نەتەوەکان ڕۆژی چوارشەممە لە وتووێژێکدا لەگەڵ کەناڵی تەلەفزیۆنیی « پی بی ئێس»ی ئەمریکا ڕایگەیاند: ئێران لە ماوەی یەکساڵی ڕابردوودا ئەوپەڕی ڕاستبێژیی خێی لە ڕووی ھاوکارییەدە پیشان داوە، کەچی بەداخەوە لە بەر زۆربێژیی ئەمریکا تەنانەت بەرامبەر بە نزیکترین ھاوپەیمانەکانیشی، ئێران بەو داھاتە بەڵێندراوە ئابووریانەشی نەگەییشت کە بە گوێرەی ڕێککەوتنی ناڤۆکی دەبا بۆی مسۆگەر کرابایەو ھەر بۆیە لە ئێستادا ھیچ بژاردەیەکی دیکە بێجگە لە ھەڵپەساردنی ھێندێک لە بەڵێنە خۆبەخشەکانی لە چوارچێوەی بەرجام دا بۆ نەماوەتەوە.
نوێنەری ھەمیشەیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕێکخراوەی نەتەوەکان بە دەربڕینی ئەمەی کە دەلاقەی دیپلۆماسی دانەخراوە، وتوووشیەتی: ئێران لەگەڵ لایەنە ھاوبەش و ھەنووکە ئەندامەکانی ڕێککەوتنی بەرجام دا دانووستان و وتووێژ دەکات.
«مەجید تەخت ڕەوانچی»باڵوێزو نوێنەری ھەمیشەیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕێکخراوەی نەتەوەکان لە بارەی پیتاندنی سەدی ٣ پۆیینت ٦٧ی ئێرانیش وتی: ئێڕان بۆ ماوەی شەست ڕۆژی داھاتوو ڕادەی پاشەکەوتی خۆی بەرتەسک ناکاتەوە، چونکو لایەنەکانی ھەنووکە ئەندامی بەرجام لە ماوەی یەکساڵی ڕابردوودا بە ڕادەی پێویست دەرفەتی ئەوەیان ھەبوو کە ئەوەی وا ئەمریکییەکان بە پێچەوانەی بەرجام کردیان، قەرەبوو کەنەوە.
باڵوێزو نوێنەری ھەمیشەیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕێکخراوەی نەتەوەکان جەختی کرد: دیارە ئەگەر ھێشتاش ھیچ خواستێکی سیاسی لە لایەنەکانی ھەنوکە ئەندامی بەرجام دا بەدی نەکرێت، ئەوا ئێرانیش بە پێی بەرژەوەندییەکانی خۆی دەجوڵێتەوە.
«مەجید تەخت ڕەوانچی»باڵوێزو نوێنەری ھەمیشەیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕێکخراوەی نەتەوەکان ھەروەھا وێڕای ئاماژە کردن بە بێ متمانەیی گەلی ئێران بەرامبەر بە کاربەدەستانی ئەمریکی، وتیشی: ئێران بە ئاراستەی ھەڵخراندنی شەڕ دژی ھیچ لایەنێک ھەنگاو ھەڵناگرێت، بەڵام بە دڵنیاییەوە بە ھەر بەھایەک بێت بەرەڤانی لە خۆی دەکات.
جێگای ئاماژەیە داناڵدترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا ھەشتەمی مانگی مای ٢٠١٨ وێڕای دووپات کردنەوەی ھێندێک بوختانی بێ ناوەڕۆکی دژی ئێران کشانەوەی یەکلایەنەو نایاسایی وڵاتەکەی لە ڕێککەوتنی ناڤۆکیی بەرجام و گەڕاندنەوەی بایکۆتەکانی سەر ئێرانی ڕاگەیاند. ئەم گەمارۆیانە بەشێوەیەکی ڕاستەخۆ سێرەی بۆ گەلی ئێران گرتووەو ھەرچەشنە چەواشەکارییەکی ئەمریکییەکانش لەم بوارەدا لە ڕاستی دا پەلەقاژەیە بۆ پاساودانی ئەو ھەنگاوە دزێوە لەلای بیروڕای گشتیی جیھان.
بریتانیا، فەرەنساو ئاڵمانیا دوای کشانەوە نایاساییەکەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ناڤۆکیی بەرجام لە ھەشتەمی مای ٢٠١٨ بەڵێنی ئەوەیان دا کە بە پاراستنی بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی ئێران ئەو ڕێککەوتنە ڕابگرن و نەھێڵن ھەڵوەشێتەوە. ئەم وڵاتانە سەرباری ڕاوەستانی سەرزارەکی و سیاسییان لە بەرامبەر ھەنگاوەکانی ئەمریکا لە ڕووی ڕاپەڕاندنی ئەو بەڵێنانەی کە بۆ پاراستنی ئەم ڕێککەوتنە دابوویان،ھەتا ئێستا ھیچ سەرکەوتنێکیان بەدەست نەھێناوە.