حوزه‌یران 16, 2019 10:59 Asia/Tehran
  • عەراقچی: ماوەی دەرفەتی ٦٠ ڕۆژە بە هیچ لەونێ نوێ ناکرێتەوە

یاریدەری باڵای وەزیری دەرەوەی ئێران لە کاروباری تایبەتی سیاسی پاش دیدار لەگەڵ جێگری ڕێکخەری سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا پێی داگرت: ماوەی دەرفەتی ٦٠ ڕۆژە بۆ قەرەبوو کردنەوەی کەمتەرخەمییەکانی لایەنەکانی دیکەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی بە هیچ لەونێ نوێ ناکرێتەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنی ئێران؛ سەید عەباس عەراقچی" جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ بەشی سیاسی  و ئەندامی باڵای لێژنەی دانوستانکاری ئەتۆمیی ئێران پاش دیداری ڕۆژی شەممەی لەگەڵ "هێلگا ئێشمید"ی جێگری ڕێکخەری سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا ڕاشکاوانە ڕایگەیاند: تاران تەنیا لەبەر دەرکرانی بەیاننامەی دووپات کراوەی بێ سوود، کۆبوونەوەی کۆمیسیۆنی هاوبەشێ ڕێککەوتنی ئەتۆمی بەڕێوە نابات.

عەراقچی بە پێداگری لەسەر ئەوەی کە تاران هێشتا یەک هەنگاوی بەرچاو و کاریگەری لە ئەورووپاییەکانەوە نەبینیوە، وتیشی: ئەورووپاییەکان دەتوانن لە بواری بانکی، نەوت، وزە، گواستنەوە و سەرمایەنانەوەدا ڕێگایەک بۆ ئێران بدۆزنەوە بەڵام تا ئێستا لە جێبەجێ کردنی ئەو هەنگاوانەدا زۆر بێ دەسەڵات بوون.

ئەندامی باڵای لێژنەی دانوستانکاری ئەتۆمیی ئێران جەختیشی کرد: بە کۆتایی هاتنی دەرفەتی ٦٠ ڕۆژە، ئێران هەنگاوەکانی دواتر یان هەمان هەنگاوی دووەم جێبەجێ دەکات مەگین ئەوەی کە لایەنەکانی ڕێککەوتنی ئەتۆمی داخوازەکانی ئێران بەجێ بێنن.

"هێلگا ئێشمید" کە بۆ وتووێژ لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ئێران سەردانی تارانی کردوە، ڕۆژی شەممە دیدار و وتووێژی کرد لەگەڵ سەید عەباس عەراقچی.

ئێران لە ١٨ی مانگی مەیی ٢٠١٩ـەوە ژمارێک لە کردەوەکانی خۆی بەرامبەر بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی ڕاگرتووە و دەرفەتێکی ٦٠ ڕۆژەی داوە بە وڵاتانی دیکەی ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران کە بەڵێن و ئەستۆگرییەکانیان بەتایبەت لە بواری بانکی و نەوتی بەجێ بێنن.

هەروەها "حەسەن ڕۆحانی" سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران بە ئاماژە بە کەمتەرخەمیی وڵاتانی ڕۆژاوایی لە جێبەجێ کردنی ڕێککەوتنی ئەتۆمی وتی: ئێران پرۆسەی پەرە پێدانی پاشەکەوتی یۆرانیۆمی پیتێندراو و ئاوی قورسی خۆی دەست پێ دەکاتەوە و بێتوو ئەورووپاییەکان نەتوانن لە ماوەی ئەو ٦٠ ڕۆژەدا بایکۆتە یەکلایەنەکانی ئەمریکا قەرەبوو بکەنەوە،  ئێران ڕۆنانی ڕیاکتۆری ئەتۆمیش دەست پێ دەکاتەوە.

سەرپەیڤ