حوزه‌یران 16, 2019 11:08 Asia/Tehran
  • ئەمیر عەبدوڵاهیان: ئەمریکا توانای بەدیهێنانی کۆدەنگیی جیهانی دژ بە ئێرانی نییە

یاریدەری تایبەتی سەرۆکی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئێران لە کاروباری نێودەوڵەتی وتی: ئەمریکاییەکان دوابەدوای لێقەومانی نەوتهەڵگرەکان لە دەریای عومان هەوڵێکی بەربڵاویان دەست پێ کردووە بۆ وەڕێخستنی کۆدەنگییەکی جیهانی دژ بە کۆماری ئیسلامیی ئێران ، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون.

"حسێن ئەمیرعەبدوڵاهیان" شەوی رابردوو لە وتوێژ لەگەڵ کەناڵی ١ی تەلەڤزیۆنی ئێران دا، باروودۆخی ئێستای ناوچەکەی بە ئەنجامی کردەوە و ئاکارەکانی سەرۆک کۆماری ئەمریکا و ژمارێک لە هاوپەیمانەکانی لە ڕۆژاوای ئاسیا زانی و وتیشی: ئەو ڕووداوانەی ئەمدواییە لە نەوتهەڵگرەکانی دەریای عومان قەوماو، ڕەوشی ناوچەکەی بۆ هەناردەی نەوت ئاڵۆز و ناهێور کردووە، بەڵام تەواو ڕوون و ئاشکرایە کە کێ لەو ڕووداوانە کەڵک وەردەگرێ.

یاریدەری تایبەتی سەرۆکی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئێران لە کاروباری نێودەوڵەتی بە ئاماژە بەوەی کە ترەمپ دەیهەوێ مەسەلەی بایکۆتی دژ بە ئێران بکاتە کارتی براوەی خۆی لە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکادا ، راشکاوانە ڕایگەیاند: سەرۆک کۆماری ئەمریکا توانای وەڕێخستنی شەڕی دژ بە ئێران نییە لە دووی هەڵگیرساندنی ئاگری شەڕیش نییە و تەنیا دەیهەوێ بە هەڕەشە و گوڕەشە ئێران ناچار بکات بێتە سەر مێزی دانوستانەوە.

ناوبراو وتیشی: ئەمریکا ناتوانێ بە زمانی زۆر و هەڕەشە و گوڕەشە ئێران بگەڕێنێتەوە سەر مێزی دانوستان و درێژەدان بەو ڕێگا هەڵەیەی ترەمپ، ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی تووشی زیانی زۆر کردووە.

ئەمیر عەبدوڵاهیان هەروەها بە ئاماژە بەوەی کە کاربەدەستانی ژاپۆنی و  ئەورووپایی لە سەفەرەکانی ئەمدواییەیان بۆ تاران هەڵگری پەیامی ترەمپ بۆ ئێران بوون، وتی: ئینگلیز، فەرەنسا و ئەڵمان لە سیاسەتی پڕوپاگەندەیی و مێدیایی خۆیاندا نەیارەتیی خۆیان لەگەڵ چوونەدەری ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران ڕادەگەیەنن بەڵام لە ستراتژیی و سیاسەتی بە کردەوەیاندا هیچ جیاوازییەکیان لەگەڵ ئەمریکا نییە.

سەرپەیڤ