زەریف: ئێران بنپێکەری ڕێککەوتنی ئەتۆمی نییە
وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران شەوی ڕابردوو جەختی کرد لە سەر ئەوەی کە بەرز بوونەوەی ئاستی پاشەکەوتی یۆرانیۆمی پیتێندراوی ئێران بە پێی بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەشە.
"محەممە جەواد زەریف" شەوی ڕابردوو بە بڵاو کردنەوەی دەقێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بە پشت ڕاست کردنەوەی تێپەڕینی ئێران لە ئاستی دیاری کراوی ٣٠٠ کیلۆگرام بۆ پاشەکەوتی یۆرانیۆمی پیتێندراو لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیدا وتی: بڕگەی ٣٦ی ڕێککەوتنی ئەتۆمی پیشان دەدات کە پاش چوونەدەری ئەمریکا ، ئێران دەتوانێ ئەو بڕگەی ڕێککەوتنەکە جێبەجێ بکات.
وەزیری دەرەوەی ئێران بە شی کردنەوەی پرۆسەی کەڵک وەرگرتنی ئێران لە مافەکانی خۆی بە پێی بڕگەی ٣٦ وتی: ئەو بڕگەیە باس لەوە دەکات کە بە چوونەدەری یەکلایەنەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی، ئێران دەتوانێ پاشەکەوتی یۆرانیۆمی پیتێندراوی زیاتر بکات.
زەریف بە ئاماژە بە دەرفەتی چەن هەفتەیی ئێران بە سێ وڵاتی ئەورووپایی و چین و ڕووسیا بۆ دەستەبەر کردنی مافەکانی ئێران بە پێی ڕێککەوتنی ئەتۆمی وتی: بەم حاڵەشەوە و هەرکاتیش سێ وڵاتی ئەورووپایی بەڵێنەکانیان بەجێ بێنن، ئێمە ڕێگاکەمان دەگۆڕین.
ئێران لە ئاراستەی مافی ڕەوای خۆی بە پێی بڕگەکانی ٢٦ و ٣٦ی ڕێککەوتنی ئەتۆمی، هەوڵی داوە بۆ کەم کردنەوەی بەڵێنەکانی خۆی بەرامبەر بەو ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییە.
هەروەها "کازم غەریب ئابادی" باڵیۆز و نوێنەری ئێران لە ڕێکخراوی نێودەوڵەتییەکانی سەقامگیر لە ڤییەنا ڕۆژی دووشەممە بە ئاماژە بە ١٥ ڕاپۆرتی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی سەبارەت بە پێبەندیی ئێران بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی پێی داگرت: بەشدار بوونی ئێران لە دانوستانی ئەتۆمی و ئەندامەتیی لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی، بە نیازپاکییەوە بووە و لەو ئاراستەیەدا بە تەواوەتی پێبەندی هەموو ئەرک و ئەستۆگرییەکانی بووە.