ئه‌یلوول 02, 2019 16:14 Asia/Tehran
  • رەبیعی: بەڵێن لەهەمبەر بەڵێندا، ستراتژیای ئێران لە ڕێککەوتنی ئەتۆمییە

وتەبێژی حکومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەئاماژە بەوەی کە بەڵێن لە هەمبەر بەڵێندا، ستراتژیای ئێرانە لەڕێککەوتنی ئەتۆمی، وتی: بێتوو ئوروپا بەڵێنیەکانی هاوپێوەند بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی جێ بەجێ بکا، ئێران دەگەڕێتەوە بۆ جێ بەجێ کردنی بەتەواوەتی ئەو ڕێککەوتنە.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی "ئێران پرێس"؛ "عەلی ڕەبیعی" وتەبێژی حکومەتی ئێران رۆژی دووشەممە لە کۆنگرەی رۆژنامەوانیی حەوتانەی خۆیدا بەئاماژە بەوەی کە پرس و بابەتە تەکنیکییەکان بۆ جێ بەجێ کرانی بەڵێنیەکانی ئوروپا هاوپێوەند بەڕێککەوتنی ئەتۆمی خەریکە تاووتوێ دەکرێ، وتی: سەفەری "سەید عەبباس عێراقچی" جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری سیاسی هاوڕێ لەگەڵ نوێنەرانی وەزارەتی نەوت و بانکی ناوەندیی ئێران بۆ پاریس، لەدرێژەی شێوازی جێ بەجێ کرانی بەڵێنیەکانی لایەنی ئوروپاییە.

رەبیعی پێی داگرت: دەبێ نەوتی ئێران بکڕدرێ و ڕێوشوێنێک بگیردرێتەبەر هەتا پارەکەی بکەوێتە دەست ئێران.

وتەبێژی حکومەتی ئێران بەئاماژە بەوەی کە دوائامانجی هەنگاوی سێهەمی کەمکردنی بەڵێنیەکانی ئێران هاوپێوەند بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی، جێ بەجێ کرانی بەتەواوەتی وادەو بەڵێنی لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئەو ڕێککەوتنەیە، وتی: کۆماری ئیسلامیی ئێران تائێستا بەگوێرەی بڕگەی ٢٦ و٣٦ی ڕێککەوتنی ئەتۆمییی، کەمکردنی بەڵێنیەکانی ڕاگەیاندبووە.

رەبیعی بەپێداگری لەسەر ئەوەی کە پێویستە هاوسەنگییەک لەنێوان بەرپرسایەتیی لایەنە پەیوەندیدارەکان دروست بکرێ، وتی: ئەگەر لایەنی ئوروپایی توانای نەبێ یان هۆگری جێ بەجێ کردنی بەڵێنیەکانی نەبێ، تاران هەنگاوی سێهەمی کەمکردنی وادەکانی هەڵدەگرێ.

ئێران هەشتی مای٢٠١٩، بەشێک لە بەڵێنیەکانی بەگوێرەی بڕگەکانی٢٦و٣٦ی ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی هەڵپەسارد. ئێران حەوتی ژوولایش پرۆسەی تێپەڕین لە ئاستی پیتاندنی ٣.٦٧ لەسەتی دەس پێ کرد.

ئێران هەروەها ڕایگەیاند، بێتوو ناکارایی و خەمساردیی ئوروپییەکان لەمەڕ جێ بەجێ کردنی وادەکانیان درێژەی بێ، لە شەشی سیپتەمبەردا هەنگاوی سێهەمی کەمکردنی بەڵێنیەکانی هەڵدەگرێ.

سەرپەیڤ