شوبات 02, 2020 12:02 Asia/Tehran
  • ڕۆحانی: کۆماری ئیسلامیی ئێران ناچێتە ژێر باری سیاسەتی سەرشۆڕی و کۆڵدان

سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران بە ئاماژە بەوەی کە ڕێگایەک جگە لە خۆڕاگری و بەرخۆدان بەرامبەر بە دەسدرێژکاران لە ئارادا نییە، وتی: ئێران سیاسەتی کێشە و ناکۆکیی قەبوڵ نییە، بەڵام ناچێتە ژێر باری سیاسەتی سەرشۆڕی و کۆڵدانیش.

"حەسەن ڕۆحانی" سەرۆک کۆماری ئێران ڕۆژی یەکشەممە لە حەرەمی پاکی ئیمام خومەینی (رە) بناغەدانەری مەزنی کۆماری ئیسلامی، بە ئاماژە بە بایکۆتە بێ وێنەکانی دوژمنان دژ بە گەلی ئێران، وتیشی؛ گەلی ئێران بڕوای وایە کە  نیزامی کۆماری ئیسلامی لە سەرڕێگای ڕاست و درووستدایە و زوڵم و دەسدرێژکاری لە لایەن دوژمنانەوەیە.

ڕۆحانی وتیشی: دوژمن نەک هەر زوڵمی لە گەلی ئێران کردووە  و دەیکات ،بەڵکوو زوڵم لە هەموو موسڵمانانی جیهان و بەتایبەت گەلی چەوساوەی فەلەستینیش دەکات.

سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران هەروەها بە ئاماژە بەوەی کە سەودای سەدە لە مێژوودا دەبێتە پەڵەی ڕیسوایی و شەرمەزارییەکی گەورە بۆ ئەمریکا ، جەختیشی کرد: هەموو موسڵمانان و ئازادیخوازانی جیهان نەیاری ئەو گەڵاڵە ڕیسوایەن.

سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران  و ئەندامانی لێژنەی دەوڵەت لە سەروبەندی چل و یەکەمین ساڵڕۆژی سەرکەوتنی بەشکۆی شۆڕشی ئیسلامیی بە ئامادە بوون لە حەرەمی پاکی ئیمام خومەینی(رە) لەگەڵ ئارمانجەکانی بناغەدانەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی و شەهیدان پەیمانی نوێ کردەوە.

٤١ ساڵ لەمەوبەر، دوزادەی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی (یەکەمی فێڤرییەی ١٩٧٩) حەزرەتی ئیمام خومەینی (رە) بناغەدانەری مەزنی شۆڕشی ئیسکلامیی ئێران پاش پازدە ساڵ دووری و دوور خرانەوە لە نیشتمان، لە نێو پێشوازیی گەرم و گوڕی خەڵک، پێی نایەوە سەر خاکی ئێرانی ئیسلامی.

١٠ ڕۆژ پاش گەڕانەوەی ئیمام خومەینی (رە)  بۆ ئێران، ڕۆژی ٢٢ی ڕێبەندانی ١٣٥٧ (١١ی فێڤرییەی ساڵی ١٩٧٩) شۆڕشی بەشکۆی ئیسلامیی ئێران سەرکەوت.

سەرپەیڤ