سی و هەشتەمین فستیڤاڵی فیلمی فەجر
سی و هەشتەمین فیلمی فەجر، بە دروشمی " با بە سینەما لەگەڵ یەک بمێنین" لە تاران و 54 شاری ئێران دەس پێ بووە. نوێترین بەرهەمەکانی سینەماکارانی ئێران، لەم فستیڤاڵەدا نومایش دەکرێن و لەلایان خەڵك و ڕەخنەگرانی سینەماوە، ڕایان لەسەر دەدرێت.
فستیڤاڵی فیلمی فەجر، لەوانەیە یەکێک لە گرینگترین ڕووداوە هونەریەکانی ئێران بێت کە هەموو ساڵێک لە میانەی زستاندا بە گەرموگوڕیەکی زۆر بەڕێوە دەچێت و بۆن و بەرامەیەکی دیکە دەبەخشێتە هۆڵەکانی سینەما. ئێستاکە سی و هەشتەمین خولی ئەم فستیڤاڵە لە ئێراندا بەڕێوە دەچێت و لە 12ی ڕێبەندانەوە، فیلمە نوێیە ئێرانیەکان لە هۆڵەکانی سینەما نومایش دەکرێن و بەرەوڕووی پێشوازی بێ وێنەی خەڵک و هۆگرانی بووەتەوە.
بە پێی ڕاگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەبەرایەتی فستیڤاڵەکە، نزیک بە سەد فیلم ناویان بۆ بەشداری تۆمار کردووە کە 22یان لە بەشی سەودای سیمورغ (بەشی خەڵاتی سەرەکی)، 10 کورتە فیلم، 10 دیکۆمێنتاری و 10 بەرهەمی یەکەمی دەرهێنەرەکان، بۆ نومایش کردن لە فستیڤاڵەکەدا هەڵبژێردراون.
هەموو ساڵێک سینەمای ئێران شایەتی نومایش کرانی بەرهەمگەلێکە کە لەژێر ناوی " نیگای نوێ" پیشان دەدرێن، فیلمگەلێک کەهەمیشە لە ڕیزی فیلمە چاکەکانی فستیڤاڵی فەجر دێنە ئەژمار.
لەم خولەی فستیڤاڵەکەدا، هەروەها شایەتی هاوڕێیەتی سینەماکارانی دێرین لەگەڵ گەنجەکانین، کەسانێک وا ساڵانێکی دوور و درێژ لە گۆڕەپانی سینەمادا چالاکیان نواندووە و دەیان فیلمیشیان چێ کردووە لەگەڵ ئەوەشدا گەنجەکان هاتوونەتە پێشەوە هەتا وزە و داهێنان و هونەری خۆیان بنوێنن. ئامادەبوونی ئەو هەموو هونەرمەندە، مزگێنی دەری فستیڤاڵێکی چاکە کە بەرهەمی جیاواز و سەرەنج ڕاکێشی تێدایە. ژوماری داواکارانی بەشداری لە فستیڤاڵەکە زیاتر لە ڕادەی دیاریکراو بوو، ئەمە لەحاڵێکدایە کە لەم نێوەدا چاومان بە ناوگەلێک دەکەوێ کە خەڵك چاوەڕێی دیتنی بەرهەمەکانیان. کەسانێکی وەکوو مەسعوود کیمیایی، ئیبراهیم حاتەمی کیا، پەیمان قاسم خانی و ...
سی و هەشتەمین فستیڤاڵی فیلمی فەجر لە دواڕۆژی دەیەی فەجر – 22ی ڕێبەندان – بە ناساندنی کەسانی سەرکەوتوو و براوەکان و خەڵات کردنیان، کۆتایی پێ دێت.