شوبات 16, 2020 08:40 Asia/Tehran
  • زەریف لە دیداری هاوتای فەرەنسیی خۆی: ڕێگای درووستی  ئەورووپا جێبەجێ کردنی بەڵێنەکانی بەرامبەر بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی ئێرانە

وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی مونیخدا لە دیدار لەگەڵ هاوتای فەرەنسیی خۆی پێی داگرت لە سەر پێویستیی گەڕانەوەی ئەورووپا بۆ بەجێ هێنانی بەڵێن و ئەستۆگرییەکانیان بەرامبەر بە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران وەکوو تەنیا ڕێگای درووستی چارەسەر کرانی کێشە و ناکۆکییەکان.

بە پێی ڕاپۆرتی  ئیرنا؛ لە دیداری "محەممەد جەواد زەریف" و "ژان ئیڤ لۆدریان" وەزیری دەرەوەی ئێران و فەرەنسا سەبارەت بە پرسە دوولایەنەکان و دوایین ڕووداوی گۆڕانکارییەکانی ناوچە و پرسەکانی هاوپێوەند بە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران بیر و ڕا گۆڕدرایەوە.

"محەممەد جەواد زەریف" بە ئاماژە بە هەموو ئەو ئەستۆگرییانەی ئەورووپا بەرامبەر بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی بەجێی نەهێناوە ، پێی داگرت: ئەو ڕێگایەی ئەورووپا گرتوویەتییە بەر یارمەتیدەری کێشەکان نییە و تەنیا ڕێگای درووست گەڕانەوەی  ئەورووپا بۆ پرۆسەی جێبەجێ کردنی هەموو بەڵێن و ئەستۆگرییەکانی بەرامبەر بەو ڕێککەوتنە ئەتۆمییەیە.

وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕۆژی هەینیش لە پەراوێزی کۆبوونەوەی ئاسایشیی مونیخدا راشکاوانە رایگەیاند: بێتوو ئەورووپا بەڵێنە بەرجامییەکانی بەجێ بێنێ،  ئێرانیش لە پرۆسەی بەرتەسک کردنەوەی بەڵێنەکانی بەرامبەر بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی دەگەڕێتە دواوە.

کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ٨ی مانگی مەیی ٢٠١٩ـەوە پاش یەک ساڵ تەحەمول کردنی بەڵێنشکێنییەکانی ئەمریکا و پێبەند نەبوونی ڕاستینەی ئەورووپاییەکان بەرامبەر بە ئەستۆگرییەکانیان، پرۆسەی کەم کردنەوەی هەنگاو بە هەنگاوی بەڵێنە بەرجامەییەکانی خۆی دەست پێ کرد.

سەرپەیڤ