بورێل: من پێبەندم بەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران بپارێزم
ڕێکخەری سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا دەڵێ کە خۆی پێبەند دەزانێ بەوەی کە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران زیندوو ڕابگرێ.
بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا؛ "جۆزێپ بۆرێل" ڕێکخەری سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا ڕۆژی شەممە پاش دیدار لەگەڵ "سێرگەیی لاڤرۆف"ی وەزیری دەرەوەی ڕووسیا لە پەراوێزی کۆبوونەوەی ئاسایشیی مونیخ لە پەیامێکی تویتەریدا نووسی کە وەکوو بەرپرسی کاروباری دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا خۆی بە پێبەند دەزانێ بە بیستنی بۆچوون و بەڵگە هێنانەوەی هەموو لایەنەکان و زێندوو ڕاگرتنی ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران.
کۆماری ئیسلامیی ئێران لە مانگی مەیی ٢٠١٩ـەوە پاش یەک ساڵ تەحەموڵ کردنی بەڵێنشکێنیی ئەمریکا و کەمتەرخەم بوونی لایەنە ئەورووپاییەکان لەهەمبەر بەجێ هێنانی ئەستۆگرییەکانیان بەرامبەر بە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران، ڕووی کردە بەرتەسک کردنەوەی هەنگاو بە هەنگاوی بەڵێنە بەرجامییەکانی.
تاران هەروەها لە کاردانەوە بە بڕیاری ئەورووپاییەکان لە سەر چالاک کردنی مێکانیزمی چارەسەر کردنی ناکۆکییەکانی هاوپێوەند بە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران وشداری داوە بێتوو دۆسییەی ئەتۆمیی ئێران بەڕێ بکرێ بۆ ئەنجومەنی ئاسایش، باسی چوونەدەری ئێران لە پەیمانی قەدەغەی پەرەی چەکی ئەتۆمی (ئن پی تی) دێتە ئاراوە.
بۆرێل لەسەر ئەو بڕوایەیە کە ئەو مێکانیزمە هێشتا بە شێوەی فەرمی وەڕێ نەخراوە.