شوبات 25, 2020 13:08 Asia/Tehran
  • وڵاتانی بایکۆتکەری دەرمان شیاوی ئەندامەتی لە ئەنجومەنی مافی مرۆڤ نین

بەڕێوەبەری ناوەندی مافی مرۆڤی سەر بە دەزگەی دادی ئێران بە پێداگری لەسەر ئەوەی کە وڵاتانی بایکۆتکەری دەرمان شیاوی ئەوە نین ئەندامی ئەنجومەنی مافی مرۆڤ بن، وتیشی: ئەو کردەوانە، نەک هەر سزادانی بە کۆمەڵی گەلێک ، بەڵکوو شێوازێکی مۆدێڕنی بنپێ کردنی مافی مرۆڤە.

"عەلی باقری کەنی" بەڕێوەبەری ناوەندی مافی مرۆڤی سەر بە دەزگەی دادی ئێران لە چل و سێهەمین کۆبونەوەی ئەنجومەنی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوەکاندا بە ئاماژە بەوەی کە مرۆڤەکان بە بێ لەبەرچاو گیرانی ئایین، ئایینزا، ڕەنگ، ڕەگەز و نەتەوە هەموو لای خواوەند جێی ڕێز و حورمەتن، وتیشی: کەرامەت و ڕێزی مرۆڤ لە ئیسلامدا بە بنەما و پرەنسیپێکی سەرەکی دانراوە و هەموو سیاسەتەکانی دیکە لە دەوڵەتی هەتا نادەوڵەتی لە سەر ئەو ئەسڵ و پرەنسیپە دانراون.

باقری کەنی ڕاشکاوانە رایگەیاند: بە داخەوە مافی مرۆڤ لە لایەن ژمارێک  دەورگێڕی نێودەوڵەتی  تایبەتەوە  بۆتە قوربانی سیاسەتەکانیان کە ئەوەش هیچ یارمەتیدەر نەبووە بۆ باشتر بوونی ڕەوشی مافی مرۆڤ لە جیهاندا و بە پێچەوانەوە جێبەجێ کرانی یاسا و ڕێساکانی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی لە ئاستی وڵاتان و هەموو جیهان لاواز کردووە.

بەڕێوەبەری ناوەندی مافی مرۆڤی ئێران بە ئاماژە بە تیرۆری ناجوامێرانەی سەردار سپەهبۆد "قاسم سولەیمانی" فەرماندەری هێزی قودسی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران وتیشی: ئەمریکا بە تیرۆری سەرەڕۆیانەی ژەنەراڵ سولەیمانی کە هەموو ژیانی خۆی تەرخان دابوو بە خەباتی دژ بە تیرۆریزم لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین، لە راستیدا تووشی تیرۆریزمی نێودەوڵەتی بووە و تیرۆری دەوڵەتی ئەنجام داوە.

باقری کەنی هەروەها بە ئاماژە بە تازەترین بنپێ کرانی سیستماتیک و یەکجار قورسی مافی مرۆڤ، واتە سزا داسەپاندنی یەکلایەنەی ئەمریکا دژ بە گەلی ئێران وتیشی: بە پێچەوانەی ژمارێک لە وڵاتان کە وادەنوێنن هەوڵ دەدەن بۆ بەرز کردنەوەی ئاستی مافی مرۆڤ، بەڵام سیاسەتە نێودەوڵەتییەکانیان سەبارەت بە مافی مرۆڤ لە سەر بنەمای پلان و ستراتژیی سیاسیی خۆیان دادەنێن، سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سەر بنەمای مافی مرۆڤ و ڕێز و کەرامەتی مرۆیی وەکوو بەشێکی سەرەکی لە ئایینی ئیسلام دانراوە.

بەڕێوەبەری ناوەندی مافی مرۆڤی سەر بە دەزگەی دادی ئێران ڕاشکاوانە ڕایگەیاند:  هەر لەم ئاراستەیەدا، "گەڵاڵەی داکۆکی لە مافی مرۆڤ و کەرامەتی مرۆیی لە دەزگەی داد" ئەمدواییە وەکوو بەشێک لە سیاسەتە دادەوانییەکانی  ئێران بۆ بەرز کردنی ئاستی ڕەچاو کرانی مافی مرۆڤ پەسەن کراوە.

شایانی باسە چل و سێهەمین کۆبوونەوەی ئەنجومەنی مافی مرۆڤی سەر بە ڕێکخراوی نەتەوەژکان ڕۆژی دووشەممە ٢٤ی فێڤرییە لە ژێنێڤی سویس دەست پێ بووە و تا ٢٠ مارسی درێژەی هەیە.

سەرپەیڤ