بەیاننامەی لێژنەی ئاسایشتی نیشتیمانیی مەجلیسی ئێران لە کاردانەوەیەک دا بەرامبەر بە ھەوڵی ئەمریکا بۆ کارا کردنی میکانیزمی پەلەپیتکە
لێژنەی ئاسایشتی نیشتیمانی و سیاسەتی دەرەوەیی مەجلیسی شورای ئیسلامیی ئێران لە کاردانەوەیەک دا بەرامبەر بە پەلەقاژەی ئەمریکا بۆ کارا کردنی میکانیزمی پەلەپیتکە دژی ئێران بەیاننامەیەکی دەرکرد.
لێژنەی ئاسایشتی نیشتیمانی و سیاسەتی دەرەوەیی مەجلیسی شورای ئیسلامیی ئێران ڕۆژی سێ شەممە لە بەیاننامەیەک دا وێڕای ئاماژە کردن بە پێ و شوێن گرتنی گۆڕانکارییە نێونەتەوەییەکان و چاودێریی ھەنگاوەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەمەڕ کەڵکاژۆیی لە بڕیارنامەی ٢٢٣١ و بەرنامەی تۆکمەی ھەنگاوی ھاوبەش(بەرجام) ئەوەی وەبیر ھێنایەوە کە، بە پێی یاساو ڕێسا نێونەتەوەییەکان، ئەمریکا بە کشانەوەی لە پاشکۆی دووھەمی بڕیارنامەکەو ڕانەپەڕاندنی بەڵێنمەندییەکانی لە ھەمبەر گەلی ئێران، ڕەوایەتیی کەڵک وەرگرتن لە میکانیزمی چارەسەر کردنی ناکۆکییەکانی ئێستای لە بڕگەکانی ٣٦و ٣٧ی بەرجام نەماوە.
لەم بەیاننامەیەدا جەختیش کراوەتەوە کە، کۆماری ئیسلامیی ئێران لە وڵاتانی ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایشتی ڕێکخراوەی نەتەوەکان چاوەڕوانی ئەوە دەکات کە بە مەبەستی بەرنگار بوونەوەی یەکلایەنەخوازییەکانی ئەمریکاو پاراستنی وەجمەندیی دابە و نەریتە نێونەتەوەییەکان، ڕێگر بن لە بەر دەم کەڵکاژۆیی ئەم وڵاتەو پێش بە ھەڵس و کەوتەکانی سەرەڕۆیانەی دەوڵەتی ئەمریکا بۆ داسەپاندنی خواستی خۆیان بە سەر وڵاتانی دیکەدا بگرن.
لێژنەی ئاسایشتی نیشتیمانی و سیاسەتی دەرەوەیی مەجلیسی شورای ئیسلامیی ئێران ھەروەھا پێشی داگرت: ئەگەر بێتو میکانیزمی پەلەپیتکە بە شێوەیەکی نایاسایی کارا بکرێت، ڕێکخراوەی وزەی ناڤۆکیی ئێران دەبێ خێرا وێڕای گەڕاندنەوەی تەواوی چالاکییە ناڤۆکییەکانی بۆ ئاستی پێش ڕێککەوتنی بەرجام، بە بەھرە وەرگرتن لە سانتیریفیوژەکانی بەرەی IR4 ،IR6 ،IR8 بە لەز لە ئاراستەی دابین کردنی پێداویستییەکانی وڵات بۆ مسۆگەر کردنی (١٩٠ ھەزار سوو ) پیتاندن، ھەوڵ بدات.