خەتیب زادە: ھەواڵی پەیوەندی گرتنی «عەراقچی» لەگەڵ گروپەکەی «جۆ بایدێن» ساختەیە
وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئێران ھەواڵی پەیوەندی گرتنی یاریدەری وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵ گروپەکەی «جۆ بایدێن»ی سەرۆک کۆماری ھەڵبژاردەی ئەمریکای بە ساختە زانی و وتی: ھەواڵ چێکردن و چەواشەکاریی بووەتە شێوازی باوی ھێندێک لە میدیاکان بە تایبەت لەم ڕۆژانەدا.
«سەعید خەتیب زادە» وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئێران ڕۆژی ھەینی ھەواڵی ڕۆژنامەی «نیۆیۆرک تایمز» لە بارەی پەیوەندی گرتنی «سەیید عەبباس عەراقچی» یاریدەری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری سیاسی لەگەڵ گروپەکەی «جۆ بایدێن»ی بە تەواوی ساختەو درۆینە زانی.
ڕۆژنامەی ئەمریکیی «نیۆیۆرک تایمز» لە ڕاپۆرتێکدا بە گێڕانەوە لە سەرچاوە دیپلۆماسییەکان بانگەشەی کرد کە «سەیید عەبباس عەراقچی» یاریدەری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری سیاسی دوای ھەڵبژاردنەکەی ئەمریکا ھەوڵی داوە لە ڕێگای ھێندێک نێوەندگرەوە ئەم پەیامە ئاراستەی «جۆ بایدێن»ی سەرۆک کۆماری ھەڵبژاردەی ئەمریکا بکات کە واشێنگتۆن بەرلە دەستپێکی ھەرچەشنە دانوستانێک دەبێ بەبێ مەرج بگەڕێتەوە بۆ بەرجام.