کانونی یه‌که‌م 01, 2020 09:22 Asia/Tehran
  • ڕۆڵی ڕژێمی زایونی و مونافقین لە تیرۆری زانا ناڤۆکییەکەی ئێران

ڕژێمی زایونی و تاقمۆکەی ڕەشەکوژی مونافقین لە تیرۆری زانای ھەڵکەوتەی ئێران لە بواری ناڤۆکی و بەرەڤانی ڕۆڵیان ھەبووە.

بە پێی ئەو زانیارییە تۆکمانەی کە کەوتووەتە دەست ھەواڵدەریی ئێران پرێس، تیرۆری شەھید «موحسین فەخری زادە» سەرۆکی ڕێکخراوەی توێژینەوەو داھێنانی وەزارەتی بەرەڤانی و پشتیوانیی ھێزە چەکدارەکانی ئێران، بە ھۆی تیربارێکی «دوورە بەرزەفت»ەوە ئەنجامی گرتووە کە لە سەر ترۆمبیلێکی «پیکاب» دابەسترا بوو. بە پێی ئەم زانیارییانە، ئەم تیربارەی کە بە ھۆی ڕیمۆت کۆنترۆڵی دروست کراوی ئیسرائیلەوە تەیار کرا بوو، ھەرکات لە سەر وێنەی شەھید «فەخری زادە»  گیرساوەتەوە دەستی کردووە بە تەقەکردن.

زانیارییە دەستکەوتووەکان ھەروەھا دەربڕی ئەوەشن کە ھەڵبژاردنی ترۆمبیلی «پیکاب» لە بەر دوو ئامانجی زەبروەشاندن لە تیمەکەی پاسەوانی شەھید «فەخری زادە» و ھەروەھا لەنێوبردنی چەکە دوورەبەرزەفتەکە بووە بۆ ئەوەی ھیچ بەڵگەو شوێن پەنجەیەک نەھێڵنەوە.

ئینجا ھەواڵنێری «ئێران پرێس»یش بەش بە حاڵی خۆی ھێندێک بەڵگەی جێی بڕوای لە بارەی وردیاتی شەھیدکردنی  ئەم زانا ناڤۆکییەی ئێران دەستکەوتووە کە ڕۆڵ و تێوەگلانی دەزگای سیخوڕیی ڕژێمی ئیسرائیل و تاقمی ڕەشەکوژی مونافقین لەم تیرۆرەدا پشتڕاست دەکاتەوە. بە پێی ئەو زانیارییانەی کە دەستی ھەواڵنێری «ئێران پرێس» کەوتووە، پاشماوەی ئەو چەکەی کە بە ھۆی تیرۆریستانەوە لە تیرۆری شەھید«موحسین فەخری زادە» سەرۆکی ڕێکخراوەی توێژینەوەو داھێنانی وەزارەتی بەرەڤانی و پشتیوانیی ھێزە چەکدارەکانی ئێران، بەکار براوە، وادەر دەخات کە ئەو چەکانە چێکراوی ئیسرائیلن.

بە پێی ئەم زانیارییانە، لە سەر ئەو چەکەی کە لەم کردەوە تیرۆریستییەدا بەکار ھاتووە، ڕستەی «چێکراوی ئیسرائیل» ھەڵکۆڵراوە. زانیارییەکان ئەوەش ڕوون دەکەنەوە کە تەقاندنەوەی ترۆمبیلە «پیکاب»ەکە بە دوو مەبەستی زەبروەشاندن لە تیمەکەی پاسەوانی شەھید «فەخری زادە» و ھەروەھا لەنێوبردنی چەکە دوورەبەرزەفتەکە ئەنجامی گرتووە بۆ ئەوەی ھیچ بەڵگەو شوێن پەنجەیەک نەھێڵنەوە، کەچی پاشماوەی چەکەکە ئەوەی ئاشکرا کردووە کە دروستکراوی ئیسرائیلە.

تیرۆریستانی چەکدار ئێوارەی ڕۆژی ھەینیی ڕابردوو ترۆمبیلی ھەڵگری «موحسین فەخری زادە» سەرۆکی ڕێکخراوەی توێژینەوەو داھێنانی وەزارەتی بەرەڤانی و پشتیوانیی ھێزە چەکدارەکانی ئێران و لە زانا ھەڵکەوتەکانی بواری پیشەسازیی ناڤۆکیی وڵاتیان دایەبەر پەلامارو ناوبراویان شەھید کرد.

 

سەرپەیڤ