کانونی یه‌که‌م 10, 2020 01:21 Asia/Tehran
  • شەمخانی: وڵاتانی ناوچەکە با پێش بە پێکھاتنی مەکۆی تازەی تێکدان و بشێوی نانەوە بگرن

سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشتی نیشتیمانیی ئێران لە دیدار لەگەڵ وەزیری دەرەوەی کۆماری ئازەربایجان وتی: وڵاتانی ناوچەکە دەبێ بە ڕەچاوکردنی دابی دراوسێگەری و ھەوڵی ھاوبەش پێش بە پێکھاتنی مەکۆی تازەی تێکدان و بشێوی نانەوە بگرن.

«عەلی شەمخانی» سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشتی نیشتیمانیی ئێران ڕۆژی چوارشەممە لە دیداری «جەیحون بایرامۆف» وەزیری دەرەوەی کۆماری ئازەربایجان لە تاران، وێڕای خۆشحاڵی دەربڕین لە دامەزرانی ئاشتی لەنێوان دوو وڵاتی کۆماری ئازەربایجان و ئەرمینیاو گەڕانەوەی بەشگەلێکی داگیرکراو بۆ باوەشی نیشتیمانی سەرەکی، ھۆگریی ئێرانی بە سەرنجدانی ئەزمون و تواناییە تەکنیکی و ئەندازیارییەکانی بۆ بەشداری کردن لە بنیاتنانەوەی ناوچە ڕزگارکراوە زیانوێکەوتووەکانی شەڕ ڕاگەیاند.

شەمخانی بە دەربڕینی ئەمەی کە پەیوەندیی تاران_باکوو دەبێ بۆ باڵاترین ئاست ھەڵکشێت، وتیشی: کۆتایی پێ ھێنانی پرۆژە ھاوبەشەکان و ڕاپەڕاندنی ڕێککەوتنەکانی نێوان ھەردووک لاو دەست پێ کردنی ھاوکاریی تازە لە بواری جۆربەجۆر پێویستی بە گرینگایەتی دانی تازەترە.

«جەیحون بایرامۆف» وەزیری دەرەوەی کۆماری ئازەربایجانیش لە دیدارەکەدا ستایشی سیاسەتی بنەمایی کۆماری ئیسلامیی ئێران و ھەڵوێستی تەگبیرمەندانەی ڕابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی کرد لەمەڕ داکۆکی کردن لە سەروەریی خاکی کۆماری ئازەربایجان و کۆتایی ھاتن بە داگیرکرانی قەرەباغ.

«جەیحون بایرامۆف» وێڕای پێداگرتن لە سەر پێویستیی پەرەسەندن و پتەوبوونەوەی پەیوەندی و ھاوکاریی نێوان تاران و باکوو، ئامادە بوونی کۆماری ئازەربایجانی بۆ بەرز کردنەوەی ئاستی پەیوەندییەکان لە بواری جۆربەجۆردا ڕاگەیاند.

سەرپەیڤ