ئادار 10, 2021 11:10 Asia/Tehran
  • زەریف: بەس ئێران پابەندی بەرجام بووە

«موحەممەد جەواد زەریف» وەزیری دەرەوەی ئێران وێڕای ئاماژە کردن بە بێ بەڵێنیی ترۆئیکای ئەورووپی و ئەمریکی لەمەڕ ڕاپەڕاندنی بەرجام ، ڕایگەیاند: بەس ئێران پابەندی ئەم ڕێککەوتنە تۆکمەو تەواوە بووە.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا، «موحەممەد جەواد زەریف» وەزیری دەرەوەی ئێران ڕۆژی سێ شەممە بە بڵاو کردنەوەی پەیامێک لە پەڕەی تویتێرەکەی دا نووسی: ئەمریکاو سێ وڵاتەکەی ئەورووپا لە باتی خۆنواندن دەبێ سەرەنجام بەڵێنەکانیان جێبەجێ بکەن.

زەریف وتیشی: بەرجام بەرنامەیەکی تۆکمەوتەواوە کە لە لایەن ٥ کۆ یەکەوە لەوانە ئەمریکا و ئێران بە ئەنجام گەییشتووە.

وتیشی: پیتی «ج» لە بەرجام دا کورت کراوەی «جامیع» واتە تۆکمەو تەواوە.

وا دیارە ئەم ئاماژە کردنەی زەریف کاردانەوەیەکە بەرامبەر بە ھێندێک داخوازی لە ئەمریکاوە لە بارەی گەییشتن بە ڕێککەوتنێکی «جامیع» و تۆکمەو تەواوە لەگەڵ ئێراندا بێجگە لە بەرجام.

لەم دواییەدا ١٤٠ یاسادانەری ئەمریکی جارێکی تر بەبێ ئاوڕدانەوە لەمەی کە واشێنگتۆن لە ڕێککەوتنی ناڤۆکی کشاوەتەوەو دەبێ بەڵێنەکانی خۆی جێبەجێ بکات، لە نامەیەک دا بۆ «ئانتۆنی بلیکێن» وەزیری دەرەوەی ئەمریکا داوای دەست ڕاگەییشتن بە ڕێککەوتنێکی تۆکمەوتەواویان کرد لەگەڵ ئێراندا.

سەرپەیڤ