ئادار 20, 2021 14:40 Asia/Tehran
  • رێبەری باڵای شۆڕش ساڵی نوێی بە ساڵی بەرھەمھێنان، پشتگریەکان و لابردنی کۆسپەکان ناودێر کرد

رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی لە پەیامێک دا بە بۆنەی دەسپێکی ساڵی 1400 ی ھەتاوی ، وێڕای پیرۆزبایی کردنی جەژنی نەورۆز ، ساڵی نوێی بە ساڵی بەرھەمھێنان، پشتگریەکان و لابردنی کۆسپەکان ناودێر کرد .

 

ئایەتوڵڵا خامنەیی رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی لە پەیامێک دا بە بۆنەی دەسپێکی ساڵی 1400 ی ھەتاوی ، وێڕای پیرۆزبایی کردنی جەژنی نەورۆز لە ھاووڵاتیان بە تایبەت بنەماڵەی بەڕێزی شەھیدان و گیانبازان و ھەموو ئەو گەلانەی کە نەورۆزیان ھەیە،وبە ھیواخواستن بۆ وەدەسھێنانی خێر و بێری مادی و مەعنەوی لە ھاوکاتبوونی ساڵی نوێ لە گەڵ جەژنەکانی شەعبانیە و پیرۆزبوونی ساڵی 1400 بە دوو جەژنی نیوەی شەعبان و جەژنی لەدایکبوونی حەزرەتی وەلی عەسر(دخ) ، ساڵی نوێی بە ساڵی بەرھەمھێنان، پشتگریەکان و لابردنی کۆسپەکان

 ناودێر کرد .

ئایەتوڵڵا خامنەیی ساڵی 99 ی بە ئاوێتەیەکی رووداوە جیاجیا و بێ وێنەکان بە تایبەت دیاردەی نامۆی کۆرۆنا ناوبرد و فەرمووی : کۆرۆنا ژیانی خەڵک لەوان کار و کاسبیەکان ، شوێنەکانی وانەوتنەوە ، کۆڕە دینیەکان ، وەرزش و گەشت و سەفەرەکانی خستە ژێر کارتێکەری و زەبری قورسی وەشاند لە کارو دامەزران لە وڵات دا .

رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ، گیان لەدەستدانی دەیان ھەزار کەس لە خەڵکی ئازیزی بە ھۆی کۆرۆناوە تاڵتر لە ھەموو رووداوەکانی ساڵی 99 زانی و وێڕای داوای رەحمەت و لێوردەیی ئیلاھی بۆ گیان لەدەستداوان ، لە گەڵ بنەماڵە تازیەدارەکان ھاوخەمیی کرد .

بەڕێزیان شکستپێدانی گوشاری زۆرینەی دوژمنی بە دروەشانەوەیەکی دیکە لە تواناییە نیشتمانیەکان لە ساڵی 99 دا زانی و فەرمووی : دوژمنانی ئێران و لە سەرووی ئەوانەوە ئەمریکا بەنیازی بەچۆکداھێنانی گەلی ئێران بوون ھەڵبەت ئێمە دەمانزانی گەلی ئێران رادەوەستێ و ئەوان شکستی دێنن بەڵام ئەمڕۆ بە دانپیاھێنانی خودی ئەمریکیەکان و ھاوڕێ ئەوروپیەکانیان ، گوشاری زۆرینە شکستی ھێناوە .

ئایەتوڵڵا خامنەیی لە درێژەدا وێڕای ھەڵسەنگاندنی ئاستی مسۆگەربوونی دروشمی ساڵی 99 یانی بازدانی بەرهەمھێنان فەرمووی : بەپێی  راپۆری جیاجیای جەماوەری و حکومەتی ، بازدانی بەرھەمھێنان تا ئاستێکی قەبوڵکراو لە وڵات دا مسۆگەر بوو .

رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی  دروشمی بازدانی بەرھەمھێنانی بە دروشمێکی تەواو شۆڕشگێڕانە زانی و فەرمووی : مسۆگەربوونی بازدانی بەرھەمھێنان ھەم کاریگەریی قوڵی ئابووریی لە وڵاتی بەدواوە بوو بۆ وێنە لە پرسی بایەخی دراوی نیشتمانیی و ھەم بووە ھۆی متمانە بەخۆیی ، رەزامەندیی گشتی و دەستەبەرکرانی ئاسایش نیشتمانیی .

ئایەتوڵڵا خامنەیی ، بەدیھێنانی ھاندەرەکان لەوان ھاندەری وەبەرھێنانی بە پێداویستیەکی بازدانی بەرھەمھێنان زانی و فەرمووی : رەوشی کار و کاسپی لە وڵات دا دەبێ جۆرێک بێت کە تاکەکان بۆ وەبەرھێنان لە بەرھەمھێنان دا ھان بدرێن و رێگری بکرێت لە بەرزبوونەوەی  تێچووی بەرھەمھێنان .

ئایەتوڵڵا خامنەیی ساڵی 1400 ی بە ھۆی لەپێشدابوونی ھەڵبژاردن و ھەروەھا بواری گونجاو بۆ گەشەی بەرھەمھێنان ، ساڵێکی ھەستیار و گرنگ ناوبرد و گوتی : ھەڵبژاردنی جۆزەردان و ھاتنەسەرکاری بەڕێوەبەرایەتیی نوێ و رەنگە تازە پشوو و بە پاڵنەری بەھێز ، ئەمساڵی کردووە بە ساڵێکی زۆر گرنگ ، ھەستیار و کارتێکەر لە دواڕۆژی وڵات .

رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی فەرمووشی : چ حکومەتی ئێستا و چ حکومەتی داھاتوو ، دەبێ بە داکۆکیی ھەمەلایەنەی یاسایی و حکومەتی و دەوڵەتیی لە بەرھەمھێنان و نەھێشتنی کەندو کۆسپەکانی ، ھیمەت بکەن تا ئەمساڵ بازدان وپێشکەوتنی بەرھەمھێنان بە مانای راستەقینە مسۆگەر بێت .

.............

 

 

سەرپەیڤ