نیسان 07, 2021 07:43 Asia/Tehran
  • عەراقچی باسی پێکھاتنی دو کارگروپی بایکۆتەکان و پرسی ناڤۆکیی کرد

یاریدەری سیاسیی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئێران باسی پێکھاتنی دو کارگروپی بایکۆتەکان و پرسی ناڤۆکیی کرد لە ئاراستەی گەڕانەوە بۆ بەرجام.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا، «سەیید عەبباس عەراقچی» یاریدەری سیاسیی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئێران ئێوارەی ڕۆژی سێ شەممە لە بارەی دانیشتنی لێژنەی ھاوبەشی بەرجام لە ڤییەنا وتی: کارگروپی بایکۆتەکان بڕیار وایە ئەو ھەنگاوانە دیاری بکات کە ئەمریکا دەبێ بۆ ھەڵوەشاندنەوەی بایکۆتەکان ھەڵیانگرێ و کارگروپی ناڤۆکیش ئەو ھەنگاوانەی ئێران ڕوون دەکاتەوە کە بۆ ڕاپەڕاندنی تۆکمەوتەواوی ڕێککەوتنەکە پێویستن.

«عەراقچی» وتیشی: بڕیارە ئەم کارگروپانە کاری خۆیان ھەتا ڕۆژی ھەینی بەردەوام کەن و ئەگەر پێشکەوتنێک مسۆگەر کرا ئەوسا کارەکە درێژەی دەبێت.

ناوبراو وێڕای پێداگرتن لە سەر ئەمەی کە ئەو وتووێژانەی کە ئەنجام دەگرن، تەکنیکی و مافەوانین لە بارەی شێوازی ڕاپەڕێندرانی بەرجام لە لایەن ئەمریکاو پاشان ئێرانەوە، وتیشی: لە بارەی خودی بەرجامەوە ھیچ وتووێژێک ناکرێت، چ جای ئەوەی کە باسی بەدەر لە بەرجام بکرێت، ئەمەی کە ئەمریکا و چوار کۆ یەک لە خەیاڵی خۆیاندا ھێندێک کەڵکەڵەیان ھەیە و حەز دەکەن لە داھاتوودا ھێندێک وتووێژی دیکە ئەنجام بگرێت، ئەوە ھیچ پەیوەندییەکی بە ئێمەوە نییە.

«عەراقچی» بە ڕاگەیاندنی ئەمەی کە ھەڵوێستی کۆماری ئیسلامیی ئێران تەواو ڕوونە و ھیچ وتووێژێک لە بارەی بابەتگەلی دیکە ناکات، وتیشی: لە وتووێژەکانی ئێستاش دا قسە بەس لە سەر چۆنیەتیی ڕاپەڕاندنی بەڵێنە بەرجامییەکانەو تەنانەت خودی بەرجامیش پێویستی بە وتووێژو دانوستان نییە، چونکو ئەمە پێشتر کراوەو بڕاوەتەوە.

ھەژدەھەمین دانیشتنی لێژنەی ھاوبەشی بەرجام ڕۆژی سێ شەممە بە ئامادە بوونی شاندگەلێکی سەربە تاقمی وڵاتانی چوار کۆ یەک و ھەروەھا ئێران لە ڤییەنای پێتەختی نەمسا بەڕێوە چوو.

سەرپەیڤ