نیسان 13, 2021 14:59 Asia/Tehran
  • جەختی ڕۆحانی لە سەر قوڵ کردنەوەو پەرە پێدرانی پەیوەندیی ئابووریی ئێران و ڕووسیا ھاوتەریب لەگەڵ پەیوەندیی سیاسی دا

سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی وێڕای ئاماژە کردن بە گرینگایەتیی پەیوەندیی نێوان ئێران و ڕووسیاو پێویستیی بەھرەوەرگرتن لە بارستاییەکانی دوو وڵات بۆ بەرز کردنەوەی ئاستی پەیوەندییەکان لە ھەموو بوارێکدا بە تایبەت پەیوەندیی ئابووری و بازرگانی و جەخت کردن لە سەر خواستی کاربەدەستانی باڵای ھەردووک وڵات لەمەڕ پەرە پێدانی ئەو پەیوەندییانە، لە سەر پێویستیی گەشە پێدانی پەیوەندییەکان لە ئاراستەی بەرژەوەندیی بەرامبەرو بەبێ کاریگەری وەرگرتن لە گوشاری دەرەکی، پێی داگرت.

«حەسەن ڕۆحانی» ڕۆژی سێ شەممە لە دیداری «سێرگێئی لاڤرۆف» وەزیری کاروباری دەرەوەی ڕووسیا، وێڕای ئاماژە کردن بە ھۆگریی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ پەرە پێدانی ھاوکاریی ناوچەیی، لە گەشە سەندنی ئەم ھاوکارییانە بە مەبەستی یارمەتیدانی چەسپاندنی ئاشتی و سەقام لە ناوچەکە وەکو ھەنگاوێکی ستراتژی لە بەرامبەر یەکلایەنە خوازیی ئەمریکاو دەستوەردانی لە کاروباری ناوچەیی، پێشوازیی کرد.

ڕۆحانی وێڕای پێداگرتن لە سەر پارێزرانی ئاشتی و سەقام لە ناوچەکەو ئەمەش کە ئاسایشتی ناوچەکە دەبێ لە لایەن خودی وڵاتانی ناوچەکەشەوە دابین بکرێت، لە سەر پێویستیی پەرە پێدرانی ھاوکاریی بەرەڤانی و سەربازیی ئێران و ڕووسیا بە سەرنجدانی کۆتایی ھاتنی بایکۆتی چەکەمەنیانەی ئێران لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوو، پێی داگرت.

سەرۆک کۆماری ئێران ستایشی داکۆکی و ھەڵوێستەکانی مۆسکۆشی کرد لە دانوستانی ناڤۆکی داو لە سەر بەردەوام کرانی ھەوڵەکان بۆ بووژاندنەوەو پاراستنی بەرجام وەکو ڕێککەوتنێکی چەندلایەنەی نێونەتەوەیی لە ئاراستەی چارەسەر کردنی کێشەکان لە ڕێگای دانوستان و دیپلۆماسیەوە پێی داگرت و وتیشی: ئەمڕۆ ئەمریکاو تەواوی دنیا بەم ئەنجامە گەییشتوون کە ئەوپەڕی گوشار شکستی ھێناوەو تاکە ڕێگای ئەمریکا بۆ گەڕانەوە بەرەو بەرجام ھەڵوەشاندنەوەی بایکۆتەکانە.

وەزیری دەرەوەی ڕووسیاش لە دیدارەکەدا بە دەربڕینی ئەمەی کە ھەردووک وڵات بۆ پەرە پێ دان و قوڵ کردنەوەی پەیوەندییەکان مکوڕن ، وتیشی: بۆ پەرە پێ دانی ھاوکارییەکانی مۆسکۆ_تاران لەوانە ھاوکاری لە بواری تەکنیکی و بەرەڤانی ھیچ بەرتەسکییەک لە ئارادا نییە.

«سێرگێئی لاڤرۆف» وەزیری کاروباری دەرەوەی ڕووسیا، بە دەربڕینی ئەمەی کە ئێران و ڕووسیا لە بارەی ھاوکاریی ناوچەیی و نێونەتەوەیی ئامانجی ھاوبەش و نزیکیان ھەیە، ئاماژەی کردە دانوستانی ناڤۆکیی ئەم دواییە لە ڤییەناو ھۆگریی ئەمریکا بۆ گەڕانەوە بەرەو بەرجام و وتیشی: تاکە ڕێگای چارەسەر کردنی کێشەکان لە ڕوانگەی مۆسکۆوە گەڕانەوەی بێ شەرت و مەرج و تۆکمەوتەواوی ئەمریکا بۆ بەرجام و ڕاپەڕاندنی بڕیارنامەی٢٢٣١ی ئەنجومەنی ئاسایشتی ڕێکخراوەی نەتەوەکان و جێبەجێ کردنی بەڵێنمەندییەکان لە لایەن ئەو وڵاتەیە.

«لاڤرۆف» جەختی لەوەش کردەوە کە، لە ڕوانگەی ئێمە ئەمە تەواو بێ کەڵکە کە داوا لە ئێران بکرێت لە چوارچێوەی بەرجام دا مەرجی تازە قەبوڵ کات و یان واوەتر لە ئەرکەکانی لە قەواخی بەرجام دا بجوڵێتەوە.

سەرپەیڤ