وەرگەڕانی پاسێکی ڕۆژنامەنووسانی ئێرانی ٢ کوژراو و ٢١ برینداری لێ کەوتەوە
پاسێکی ڕۆژنامەنووسانی ئێران کە بە مەبەستی ڕووماڵ کردنی ڕەوتی بووژانەوەی دەریاچەی ورمێ سەردانی ناوچەکەیان کردبوو وەرگەڕا و بەو هۆیەوە دوو ڕۆژنامەنووس گیانیان لە دەست دا و ٢١ کەسی دیکەش بریندار بوون.
بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی هەواڵدەریی ئیرنا،بەیانیی ڕۆژی چوارشەممە پاسێکی هەڵگری ٢٥ ڕۆژنامەنووسی سەربە میدیا جیاجیاکانی ئێران بۆ بەسەرکردنەوەی «تونێلی کانی سێو» سەردانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوایان کردبوو کە لە نزیک شاری نەغەدە تووشی وەرگەڕان ھات و ئەو ڕووداوەش کوژراو و برینداری لێکەوتەوە.
بەڕێوەبەری سەنتەری فریاکەوتنی پزیشکی لە زانکۆی پزیشکیی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا ڕایگەیاندووە لەو ڕووداوەدا دوو خاتوونی م ڕۆژنامەنووس گیانیان لە دەست داوە و ٢١ کەسی دیکەش بریندار بوونە.
ھەرلەم پەیوەندییەدا سەرهەنگ پاکدڵ فەرماندەی ئینتیزامیی ئازەربایجانی ڕۆژئاواش ڕایگەیاندووە: هۆکاری ڕووداوەکە کێشەی تەکنیکی لە ستۆپی پاسەکە بووە و بریندارانی ئەو ڕووداوە گوازراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە.
ئەمەو لە لایەکی دیکەوە «سەعید خەتیب زادە» وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕۆژی چوارشەممە بە بڵاو کردنەوەی توییتێک لە کاردانەوە بەرامبەر بەم کارەساتە نووسی: لە تەنیشت ھاوکارانم لە کۆمەڵگای میدیایی وڵات تازیەبارم.
خەتیب زادە وتیشی:بۆبریندارانی ئەم ڕووداوە دڵتەزێنەش ئاواتی تەندروستی و چاک بوونەوەی خێرا دەخوازم.