ته‌مووز 28, 2021 16:37 Asia/Tehran
  • ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی: متمانەکردن بە ڕۆژئاوا وڵام ناداتەوە

ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی، لە دیداری سەرۆک کۆمارو ئەندامانی کۆڕی دەوڵەت لە دوایین ڕۆژانی چالاکیی دەوڵەتی دوانزەھەم، جەختی کرد: قەت نابێ بەرنامەکانی نێوخۆ ببەسترێتەوە بە ھاوڕێیەتی کردنی ڕۆڕئاوا، چونکو بە دڵنیاییەوە ھەرەس دێنێ.

حەزرەتی ئایەتوڵڵا عوزما خامەنەیی ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئەمڕۆ چوارشەممە لە دیداری سەرۆک کۆمارو دەوڵەتی دوانزەھەم لەگەڵ بەڕێزیاندا، وێڕای پیرۆز کردنی جێژنی «غەدیری خوم» لە تەواوی موسڵمانان بە تایبەت گەلی خۆشەویستی ئێران، دەرفەتی خزمەت کردن بە خەڵکی بە نیعمەتێکی ئیلاھی زانی و وتی: بۆ شوکرانەبژێریی ئەم نیعمەتە دەبێ لە ھەموو توانایەک بۆ پێشبردنی ئامانجەکانی شۆڕش کەڵک وەربگیردرێت.

بەڕێزی بۆ ھەڵسەنگاندنی کردەوەی دەوڵەت وتی: کردەوەی دەوڵەتی ڕێزدار ڕۆحانی لە بەشە جۆربەجۆرەکاندا یەکسان نەبووە، ھێندێک جار بە گوێرەی چاوەڕوانی بووە، بەخڵام ھێندێک جاریش وەھا نەبووە.

حەزرەتی ئایەتوڵڵا عوزما خامەنەیی جەختی لە پێویستیی کەڵک وەرگرتنی دەوڵەتی داھاتوو لە ئەزمونەکانی دەوڵەتەکانی یانزەھەم و دوانزەھەم کردەوەو وتیشی: ئەزمونێکی ھەرە گرینگ لەم سەردەمەدا بریتییە لە متمانەنەکردن بە ڕۆژئاوا کە بەرەی داھاتوو دەبێ بەکاری بێنن، لەم دەوڵەتە ئەوەمان بۆ ڕوون بووەوە کە متمانەکردن بە ڕۆژئاوا وڵام ناداتەوەو ئەوانە ھیچ یارمەتییەک نادەن، بگرە پێشیان بکرێ زەبریش دەوەشێنن ئەگەر لە شوێنێکیش نەیوەشێنن دیارە ئەوە پێیان ناکرێ.

ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ڕوو لە سەرۆک کۆمارو ئەندامانی دەوڵەت وتیشی: لە ڤھەر شوێنێکدا کارەکانتان بەستەوە بە ڕۆژئاتواو دانوستان لە گەڵ ئەوانەو ئەمریکادا ، سەرکەوتوو نەبوون و لە ھەر شوێنێکیش دا بە بێ متمانە کردن بە ڕۆژئاوا ھەنگاوتان ھەڵگرت و ھیواتان بەوان نەما، سەرکەوتوو بوون و پێشکەوتنتان مسۆگەر کرد.

بەڕێزی تیشکی خستەسەر دانوستانەکانی ئەم دوایەی ڤیەناش و وێڕای ڕەزامەندی دەربڕین لە ھەوڵ و زەحمەتی دیپلۆماتەکان و کرەوەی باشی کۆمەڵێکیان لە دانوستانەکاندا، وتیشی: ئەمریکییەکان لەو دانوستانانەدا پێداگر بوون لە سەر ھەڵوێستی جەھرنانەی خۆیان و ھەنگاوێکیش نەھاتنە پێشەوە، ئەمریکییەکان بە زمان و بەڵێن باسی ھەڵگرتنی بایکۆتەکان دەکەن و کەچی ھەڵیان نەگرت و دیارە ھەڵیشی ناگرن، ئەمە جیا لەوەی کە مەرجیش دادەنێن و دەڵێن کە ھەر لەم ڕێککەوتنە نیوەچڵەش دا دەبێ ڕستەیەک بگونجێنن کە دواتر لە بارەی ھێندێک بابەتی دیکەشەوە قسە بکرێت ئەگینا ھیچ ڕێککەوتنێکمان نابێت.

حەزرەتی ئایەتوڵڵا عوزما خامەنەیی وتیشی: ئەوانە دەیانەوێت بە سەپاندنی ئەو ڕستەیە، بیانوو بۆ دەستوەردانی دواتریان لە بارەی بنەمای بەرجام و پرسی موشەکی و ناوچەیی دروست کەن و ئەگەر ئێران ئامادە نەبێ لەو بارەیەوە وتووێژ بکات ئەوسا بڵێن ڕێککەوتنەکەتان پێشێل کردووەو ئیدی باسی ڕێککەوتن ھەر مەکەن.

بەڕێزی وێڕای پێداگرتن لە سەر ئەمەی کە ئەمریکییەکان تەواو ناجوامێرانەو غەیانانە ھەڵس و کەوت دەکەن، وتیشی: ئەمریکییەکان دەربەستی پێشێلکردنی وادەو بەڵێنەکانیان نین و ھەر بەو جۆرەی کە جارێکیان ڕێککەوتنیان پێشێل کرد و لە سەریشیان گران نەکەوت، لە ئێستاش دا کە پێیان دەوگوترێت گەرەنتی بدەن کە لە داھاتوودا ڕێککەوتنەکە پێشێل ناکەن، دەڵێن گەرەنتی نادەین.

بەرلە وتەکانی حەزرەتی ئایەتوڵڵا عوزما خامەنەیی ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی«حەسەن ڕۆحانی» سەرۆک کۆمار وێڕای ستایشی داکۆکی و ڕێنوێنییەکانی ڕابەری مەزنی شۆڕش لە دەوڵەت بە درێژایی خولێکی ھەشت ساڵە، ڕاپۆرتێکی لە بارەی ھەنگاوو چالاکییەکانی دەوڵەت ئاراستە کرد.

سەرپەیڤ