تشرینی یه‌که‌م 14, 2021 18:10 Asia/Tehran
  • ڕێککەوتنی «باقریی کەنی» و «ئینریکە مۆرا» بۆ بەردەوام کردنی وتووێژەکانی برۆکسێڵ

یاریدەری سیاسیی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە دیدار لەگەڵ یاریدەری سکرتێری گشتیی دەزگای ھەنگاوی بیانیی سەر بە یەکێتیی ئەورووپا لە سەر بەردەوام کردنی وتووێژەکانی برۆکسێڵ ڕێککەوتن.

«ئینریکە مۆرا» یاریدەری سکرتێری گشتیی دەزگای ھەنگاوی بیانیی سەر بە یەکێتیی ئەورووپا کە بۆ ڕاوێژ لە بارەی پەیوەندیی دوو لایەنەو بابەتگەلی ناوچەیی، لەوانە ڕەوشتی ئەفغانستان و یەمەن و ھەروەھا دانوستانی ھەڵوەشاندنەوەی بایکۆتەکان سەردانی تارانی کردووە، ئەمڕۆ پێنج شەممە لەگەڵ  «عەلی باقڕیی کەنی» یاریدەری سیاسیی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دیدارو وتووێژی کرد.

یاریدەری سیاسیی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە دیدارەکەدا وێڕای پێداگرتن لە سەر ئەمەی کە ئێران بەردەوام سەلماندوویەتی کە ڕۆڵگێڕێکی بەرپرس لە گۆڕەپانی نێونەتەوەیی دایە، لە کاتێکدا کە ھەڵس و کەوتی لایەنی بەرامبەر وا دەردەخات کە لەگەڵ ئەرکمەندی دا مەودایەکی زۆری ھەیە، وتیشی: ھەر لایەک کە ئەرکمەندییەکی زیاتر لە خۆی پیشان بدات، لە مێزی دانوستان نزیکترە.

ناوبراو وێڕای ئاماژە کردن بەمەی کە بۆ ئێران دەست ڕاگەییشتن بە دەرەنجامێکی ڕوون گرینگترە، وتیشی: ئێران بۆ دانوستانێکی شێلگیرانە کە دەرەنجامەکەی ڕێککەوتنێکی کردەیی بێت نەک کاغەزی، بەردەوام ئامادەیە.

«ئێنریکە مۆرا»ش لەم دیدارەدا لە سەر ئامادە بوونی خۆی بە مەبەستی ھاوکاری لەگەڵ ئێران و لایەنەکانی دیکە لە ئاراستەی بەردەوام کردنی دانوستانەکان بۆ گەییشتن بە دەرەنجامێک کە جێگای قەبووڵی تەواوی لایەنەکان بێت، پێی داگرت.

لە کۆتایی دا بڕیار درا ڕاوێژەکانی ھەردووک لا لە بارەی بابەتگەلێکی جێی سەرنجی دوولایەن لە ماوەی ڕۆژانی داھاتوو لە برۆکسێڵ دا بەردەوام بکرێت.

سەرپەیڤ