کانونی دوھەم 14, 2022 10:49 Asia/Tehran
  • ئێران بۆ یەکەمجار سەتەلایتبەرێک ڕەوانەی گەردوون دەکات کە سووتەمەنیی ڕەق بەکار دێنێ

سەرکردەی ھەوافەزای سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران وتی: تاقیکردنەوەی پێشڕان و ماتۆڕی یەکەمی سەتەلایتبەری ئێرانی کە بە سووتەمەنیی ڕەق کار دەکات بۆ یەکەمجار بە سەرکەوتوویی ئەنجامی گرت.

سەردار ئەمیرعەلی حاجی زادە سەرکردەی ھەوافەزای سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران ڕۆژی پێنج شەممە لە قومی باشووری تاران وتیشی: لەم تاقیکردنەوە سەرکەوتووەدا لە ماتۆڕو سووتەمەنیی ڕەقی تراست ٦٦ تۆن کەڵک وەرگیراوە.

سەردار حاجی زادە بە دەربڕینی ئەمەی کە لە بواری گەردوونی دا دوو ھۆکاری سەتەلایت و سەتەلایتبەر گەلێک گرینگە وتیشی: لە ماوەی دووساڵی ڕابردوو تاقیکردنەوەی سەتەلایتبەرە ئێرانیەکان بە کەڵک وەرگرتن لە سووتەمەنیی شلەک ئەنجامی دەگرت و لەمەولا ئێران بە ماتۆڕی ھەرزان سەتەلایتی زۆر ڕەوانەی گەردوون دەکات.

سەرکردەی ھەوافەزای سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران وتیشی: سەتەلایتبەرە نوێکانی ئێران قەواخەکەی ناکانزاییەو لە چەشنی کامپۆزیتەو ماتۆڕەکەشی بێ جوڵەیە کە ئەمەش دەبێتە ھۆی پەرەسەندنی زیاتری وزەی موشەک و دەست پێوەگرتن لە تێچوودا.

سەردار «حاجی زادە» بە ڕاگەیاندنی ئەمەی کە ئەم تەکنۆلۆژیایە بەس لە چوار وڵات دا بونی ھەیە وتیشی: لە تەواوی بوارەکانی پەیوەست بە ھەوافەزا بەرھەمھێنان بەوپەڕی دەستەڵاتەوە بەردەوامەو ئێران ھێندە لە بواری ھەوافەزادا پێشکەوتنی بەخۆیەوە بینیوە کە بە تیرۆرو ھەڕەشەو بایکۆت لەنێو ناچێت.

سەرکردەی ھەوافەزای سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران جەختی لەوەش کردەوە کە: وەک سەرکردەی «سێنتکام»ی ئەمریکاش دانی پیادا ناوە، ئێران بە پەرە پێ دانی خۆفڕەکانی دەستەڵاتی ئاسمانیی بردووەتەوەو سەرۆکی ئەنجومەنی ئاتڵانتیک لە ڕۆژئاوای ئاسیاش جەختی لەوە کردووەتەوە کە لە ساڵی ٢٠٢٠ دا پاپڕە جەنگییەکانی ئەمریکی کە لە ئاوەکانی گردوپەڕی کەنداوی فارس دا مۆڵ درا بوون نەیانتوانی ئێران لە تاقیکردنەوەی موشەکەکانی و ھەڵکوتانەسەر عەینولئەسەد پاشگەز کەنەوە.

سەرپەیڤ