ئادار 11, 2022 07:18 Asia/Tehran
  • ئێران دەستوەردان لە کاروباری سێ دوورگەکەی ئەم وڵاتەی شەرمەزار کرد

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وێڕای ڕەت کردنەوەی بوختانە بێ ناوەڕۆکەکان لە بەیاننامەی لێژنەی بەناو چوار قۆڵیی «ئیمارات، عەرەبستانی سەعودی، بەحرەین و میسر»، دەستوەردانی کەسانی تر لە بارەی سێ دوورگە ئێرانییەکەی تۆنبی گەورەو تونبی بچوک و بوموسای شەرمەزار کرد.

لێژنەی چوار قۆڵیی عەرەبی ڕۆژی چوارشەممە لە کۆبوونەوەیەک دا لە پەراوێزی دانیشتنی سەدوپەنجاوحەوتەمین خولی ئەنجومەنی کۆمکاری عەرەب لە بنکەی ئەم کۆمکارەدا بەرپا کرا، لە درێژەی بوختانەکانیان دژی ئێران ، لە بەیاننامەیەک دا بانگەشە ھەمیشەییەکانی ئیمارات لە بارەی سێ دوورگە ئێرانییەکەی تونبی گەورە، تونبی بچوک و بوموسای دووپات کردەوەو وێڕای ئاماژە کردن بە سەردانی ئەم دواییەی سەردار«عەلیڕەزا تەنگسیری» فەرماندەری ھێزی دەریایی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی بۆ دوورگەی تونبی گەورەو کردنەوەی فڕگەی «ئیمامی عەلی(ع) لەم دوورگەیە، وتەکانی کاربەدەستانی ئێرانی لەم بوارەدا بە ورووژێ نەر و پێشێلکەری سەروەریی ئیمارات» زانی.

ھەر لەم ئاراستەیەدا «سەعید خەتیب زادە» وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕۆژی پێنج شەممە وێڕای ڕەت کردنەوەی ئەو بوختانە چەپەڵە، لە دەستپێکرانەوەی بوختانە بێ ناوەڕۆکەکانی دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران و نەگۆڕدرانی شێوازی ھەڵس و کەوتی ئەو پێکھاتەیە ئەوپەڕی داخ و مەخابنی دەربڕی و وەھا ھەنگاوگەلێکی بێ ئەنجامی بە پێچەوانەی ھەوڵی ئەو وڵاتانە بۆ ھەڵس و کەوتی دیپلۆماسیانەی ناوچەیی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوو زانی.

وتەبێژی دەزگای دیپلۆماسیی ئێران ھەروەھا لە بارەی سێ دوورگەکەی ئێرانەوە وێڕای بە ڕەت کراوە زانینی ئەو بەیاننامەیە، تەواوی ھەنگاوەکانی ئێرانی لە چوارچێوەی ڕەچاوکرانی سەروەری و دەستەڵاتی ئەم وڵاتە زانی و دەستوەردانی خەڵکانی دیکەی لەم بوارەدا شەرمەزار کرد.

 

سەرپەیڤ