وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران : پشوودانی دوور و درێژ بە قازانجی دانوستانەکانی ڤیەنا نیە
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران جەختی کردەوە : ئێران و یەکیەتی ئەوروپا لەسەر ئەوە کۆک بوون کە پشوودانی دوور و درێژ بە قازانجی دانوستانەکانی ڤیەنا نیە
سەعید خەتیب زادە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، سەبارەت بە دوایین دۆخی دانوستانەکانی ڤیەنا و هەروەها داخوازی جۆزێف بورێل بۆ گەڕانەوەی شاندەکانی دانوستانکار بۆ ڤیەنا، وتی: لە دانوستانەکانی ڤیەنا ،ئەو گفتوگۆیانەی کە پێوەندی بە ئێران، یەکێتی ئەورووپا، ڕووسیا و چینە، کۆتایی هاتووە.
ناوبراو گوتیشی : ئەوەی کە لە گفتوگۆکان ماوەتەوە، لە نێوان ئێران و ئەمریکایە کە لە ڕێگای خۆیەوە شوێنگیری دەکرێت.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە وتی: ئێران و یەکێتی ئەورووپا لە سەر ئەو بابەتە هاوڕا بوون کە درێژ بوونەوەی پشووەکان لە بەرژەوەندی گفتوگۆکان نییە و ئەبێ خێرا دەست پێبکاتەوە.
خەتیب زادە لە بارەی دوایین دۆخی دانوستانەکانی ئێران و عەرەبستانیش وتی: بە هەوڵەکانی ھەردووحکومەتی عێراق و عوممان، ڕۆژی پێنجشەممە خولی پێنجەمی ئەو گفتوگۆگەلە لە بەغدا بەڕێوە چوو کە ئەرێنی بووە.
خەتیب زادە لە وەڵامی هەواڵنێری سی ئێن ئێن سەبارەت بە ئەگەری پیتاندنی سەدا 90 لەلایەن ئێرانەوە، وتی: ئێران ئەندامی ئێن پی تییە و یاساکانی پەرەپێنەدان بە مادەی ناڤۆکیشی قبووڵ کردووە.
گوتیشی : ئاژانس ئاگادار بووە لە گواستنەوەی سانتریفیوژەکان لە کەرەجەوە بۆ نەتەنز.
وتەبێژی دەزگای دیپلۆماسی جەختی کرد: ئەگەر ئەمریکا وەڵامی پرسەکانی تری دابایەوە، ئێستا لە ڤیەنا بووین. ڤیەنا چاوەڕوانی وەڵامەکانی ئەمریکایە و ئەم درێژ کردنەوەی ماوەی پشوودانە لە بەرژەوەندی دانوستانەکان نییە.