ئەمیر عەبدوڵڵاهیان لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی عومان: دانوستانێکی بنیاتنەر پێویستی بە جددی بوون و نەرمی نواندنی ئەمریکا هەیە
حسێن ئەمیرەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران شەوی دووشەممە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ بەدر بن حەمەد ئەلبوسەعیدی وەزیری دەرەوەی عومان ڕایگەیاند: دانوستانە بنیاتنەرەکان بەندە بە جددی بوون و دەستپێشخەری و نەرمی نواندنی لایەنی ئەمریکییەوە .
دانوستانەکانی دەوحە سێشەممە و چوارشەممەی هەفتەی ڕابردوو دوای وەستانی سێ مانگ و نیو دوای دانوستانەکانی ڤیەن، لە نێوان ئێران و ئەمریکا بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ و بە ئاسانکاریی "ئێنریکێ مۆرا"، جێگری بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی ئەوروپا بەڕێوەچوو .
بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵی ئێران پرێس، "ئەمیر عەبدوڵڵاهیان" لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە دانوستانە بنیاتنەرەکان پەیوەستە بە جددیەت و دەستپێشخەری و نەرمیی لە لایەنی ئەمریکییەوە و ڕایگەیاندووە کە ئێران جدییە لە گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی بەهێز و سەقامگیر.
لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا وەزیری دەرەوەی عومان جەختی لە تێڕوانینی وڵاتەکەی کردۆتەوە سەبارەت بە زەروورەتی گەیشتن بە ئەنجامی کۆتایی و ڕێککەوتن لە دانوستانەکاندا وگوتی: عومان هەمیشە پشتیوانی لە گەیشتن بە ڕێککەوتن لە دانوستانە ئەتۆمییەکان و بەدیهێنانی داخوازییە ڕەواکانی ئێران دەکات.
لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا هەردوولا لەسەر هەندێک بابەتی بەرژەوەندی هاوبەش لە بواری دووقۆڵی و ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا، لەوانە دوایین دۆخی دانوستانەکانی هەڵگرتنی سزاکان گفتوگۆیان کرد و بیروڕایان گۆڕیەوە .