ته‌مووز 30, 2022 10:32 Asia/Tehran
  • جەختی تاران_ پەکین لە سەر پەرە پێ دانی ھاوکاریی ستراتژیی ئابووری

سەرۆک کۆمارانی ئێران و چین لە وتووێژێکی تەلەفۆنی یەک کاژێرەدا، گۆڕانکارییە گشتییە نێونەتەوەیی و ناوچەییەکانیان تاوتوێ کردو لە سەر ھێزمەند کردنی ھەرچی خێراتری ھاوکارییە دوو قۆڵییەکان پێیان داگرت.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا، ئایەتوڵڵا «سەیید ئیبراھیم ڕەییسی» ئێوارەی ڕۆژی ھەینی لە وتووێژێکی تەلەفۆنی دا لەگەڵ «شی جین پینگ» سەرۆک کۆماری گەلی چین، دەستوەردانی ئەمریکا لە کاروباری نێوخۆیی وڵاتانی لە درێژەی سیاسەتی تێکدەرانەو یەک لایەنەخوازانەی ئەم وڵاتە زانی  کە لە ئێستادا بووەتە ھەڕەشەیەک بۆ ئاشتی و ئاسایشتی جیھانی.

سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی ڕێزنان لە دەستەڵاتی نیشتیمانی و پارێزرانی سەروەریی وڵاتانی بە بنەمایەکی سەرەکیی سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران زانی و لەم چوارچێوەیەش دا داکۆکی لە سیاسەتی چینی یەکگرتووی وەک سیاسەتێکی ھەرەقەتی و بنەمایی کۆماری ئیسلامی ناساند.

دکتۆر ڕەییسی وێڕای پێداگرتن لە سەر خواستی ئێران بۆ گەشە پێ دانی ھەمەلایەنەی پەیوەندی لەگەڵ چین دا بە دوور لە گۆڕانکارییە نێونەتەوەییەکان، ھاوکاریی سەربەخۆو لە سەر بنەمای بەرژەوەندیی نیشتیمانیی گەلانی خاوەن دەستەڵاتی بە ھێمایەکی دروستی دەستەڵات لە ئاستی ناوچەکەو جیھاندا زانی و وێڕای پێداگرتن لە سەر پێویستیی زاڵ بوونی دادگەری و ویژدانمەندی بەسەر ڕێکمەندیی تازە سەرھەڵداوی نێونەتەوەیی، ھەرچەشنە پەلەقاژەیەکی ئەمریکا بۆ دووپات کردنەوەی ھێمای شەڕی ساردی لە جیھاندا بە نیشانەی لاوازی و ئاوابوونی ئەو وڵاتە زانی.

«شی جین پینگ» سەرۆک کۆماری گەلی چینیش لە دووھەمین وتووێژی سەرکردەکانی ھەردووک وڵاتی ئێران و چین لە دەوڵەتی سیانزەھەم، لە ھاوکاریی ھەردووک وڵاتەکە لە بواری نێونەتەوەیی و داکۆکیی بەرامبەری دوو وڵات لە ھەڵوێستی یەکتر لە بواری ناوچەیی و نێونەتەوەیی ڕێزی گرت.

«شی جین پینگ» وێڕای ئاماژە کردن بە گرینگایەتیی پارێزرانی سەقامی ناوچەیی و ڕۆڵی کارای کۆماری ئیسلامیی ئێران لەم ئاراستەیەدا، پێی داگرت کە چین نەیاری سیاسەتی گوشارو یەک لایەنە خوازییە.

سەرۆک کۆماری گەلی چین، وێڕای پێداگرتن لە سەر گرینگایەتیی ستراتژیکی پەیوەندییەکانی چین و ئێران و ھەروەھا بایەخ دانی وڵاتەکەی بە ھێزمەندکران و گەشەسەندنی ھاوکارییە گرینگ و ستراتژی و ئاسایشتییەکانی دوو وڵات بە تایبەت لە بواری بازرگانی، ئابووری، ژێرخانی و وزە، وتیشی: ڕاپەڕێندرانی بەڵگەنامەی نۆکمەی ھاوکاریی ٢٥ ساڵەی ھەردووک وڵات ھەنگاوێکی گەورەیە لەم ئاراستەیەداو ھەر لەم چوارچێوەیەش دا فەرمانی پێویست بۆ پەرە پێ دانی پەیوەندیی ھەمەلایەنەو ستراتژیک لەگەڵ ئێران لەوانە لە بواری ئابووری دا دەر دەکرێت.

سەرپەیڤ