ئاب 11, 2022 20:14 Asia/Tehran
  • وەڵامی ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی بە نامەکەی سکرتێری گشتیی بزوتنەوەی جیھادی ئیسلامیی فەلەستین

حەزرەتی ئایەتوڵڵا عوزما خامەنەیی لە وەڵامی نامەکەی سکرتێری گشتیی بزوتنەوەی جیھادی ئیسلامیی فەلەستین، خۆڕاگریی بوێرانەی جیھادی ئیسلامیی بە ھۆکاری بەرز بوونەوەی جێ و شوێنی ئەم بزوتنەوەیە لە ڕووی بەرخۆدان و پوچەڵ کردنەوەی تەڵەکەو پیلانی ڕژێمی زایونی و بە چۆک دا ھێنانی ئەم ڕژێمە زانی.

بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژی پێنج شەممەی بنکەی ڕاگەیاندنی نووسینگەی ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی، «حەزرەتی ئایەتوڵڵا عوزما خامەنەیی» ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی لە وەڵامی نامەکەی «زیاد نەخخالە» سکرتێری گشتیی بزوتنەوەی جیھادی ئیسلامیی فەلەستین، بە دەربڕینی ئەمەی کە ڕووداوەکانی ئەم دواییە، شانازییەکانی بزوتنەوەی جیھادی ئیسلامیی فەلەستینی کرد بە دوو ھێندەو جێ و شوێنی جیھادی ئیسلامیی لە مەڕ جوڵەی خۆڕاگریی شکۆمەندی گەلی فەلەستین بەرز کردەوە، وتیشی: ئێوە بە بەرخۆدانی بوێرانەی خۆتان، سیاسەتی پیلانگێڕانەی ڕژێمی داگیرکەرتان پوچەڵ کردەوەو سەلماندتان کە ھەر بەشێکی پێکھاتەی خۆڕاگری بە تەنیاییش دەتوانێ دوژمن بەچۆک دا بێنێ.

ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی وتیشی: ئێوە بە پێکەوە نووساندنی خەبات و خۆڕاگریی غەززە بە کەرتی ڕۆژئاواو ھێزە خۆڕاگرەکانی دیکەش بە داکۆکی کردنیان لە جوڵانەوەی جیھاد، توانیتان یەکگرتوویی جیھادی گەلی فەلەستین بە ڕووی دوژمنی چەپەڵ و فێڵەبازدا بدەنەوە.

«حەزرەتی ئایەتوڵڵا عوزما خامەنەیی» وێڕای پێداگرتن لە سەر ئەمەی کە تەواوی ھەوڵی تاقمە فەلەستینییەکان لە تەواوی سەرزەوینی فەلەستین دا دەبێ بۆ پاراستنی یەکگرتوویی بێت، ئەوەشی وەبیرھێنایەوە کە دوژمنی داگیرکەرو خۆڕاگریی فەلەستین ڕوو لە پەرەسەندن و ھێزمەند بوونەو ئێمەش ھەروا لە تەنیشتی ئێوەدا دەمێنینەوە.

جێگای ئاماژەیە «زیاد نەخخالە» لە نامەکەی دا بۆ ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئاماژەی کردووەتە ئامادە بوونی بەربڵاوی خەباتکارانی فەلەستینی بەتایبەت بزوتنەوەی جیھادی ئیسلامی و لقی سەربازیی «سەرایا قودس» لە سەرتاسەری فەلەستین بە تایبەت غەززەو کەرتی پاڵەوانی ڕۆژئاواو ڕاشیگەیاندووە: بە ئامادە بوونی گوردانەکانی خۆڕاگریی جیھاد، ڕۆژ نییە لە کەرتی ڕۆژئاوا پێکدادان لە گەڵ ڕژێمی زایونی ڕوو نەدات.

«زیاد نەخخالە» وێڕای پێداگرتن لە سەر ئەمەی کە لەم شەڕەدا سەرتاسەری سەرزەوییەکانی ژێر دەستەڵاتی ڕژێمی زایونی لە بەر ئامانجی موشەکەکانی خۆڕاگریی جیھادی ئیسلامی بوو، وتووشیەتی: ئەم پێکدادانە بۆچوونەکانی ڕژێمی زایونیی پوچەڵ کردەوە، بە جۆرێک کە ئەوانە لە ماوەی سێ ڕۆژدا پێملی داخوازیی ئاگربڕو مەرجەکانی خۆڕاگری بوون.

سکرتێری گشتیی بزوتنەوەی جیھادی ئیسلامیی فەلەستین، ئەم دەستکەوتەی خۆڕاگریی بە پێشەکییەک بۆ سەرکەوتنی گەورەتری گەلی فەلەستین لە داھاتوودا لێک داوەتەوەو وێڕای ستایشی ڕۆڵی بزوتنەوەی حیزبوڵڵا بە ڕابەرایەتیی «سەیید حەسەن نەسروڵڵا» و ھەروەھا داکۆکی و پشتگرییەکانی ئێران لە ھەموو بوارێکدا بە ڕابەرایەتی و ڕێنوێنیی ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی، پێی داگرت: ئەگەر ئەم داکۆکی و پشتگرییە ھەمیشەیی و بەردەوامانەی ئێوە نەبایە، ئەم سەرکەوتنەوسەرکەوتنەکانی ڕابردووش مسۆگەر نەدەبوون.

سەرپەیڤ