ڕەییسی: لوبنان ناوێکی دیارە بە ترۆپکی ڕەوتی خۆڕاگرییەوە
سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی «سەیید ئیبراهیم ڕەییسی» ڕۆژی چوارشەممە لە دیدارێکدا لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی لوبنان «نەجیب میقاتی» لە نیۆیۆرک وێڕای پێداگرتن لە سەر ئەمەی کە پێشکەوتن و ئاسایشت و ئاشتیی لوبنان بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران گرینگییەکی زۆری هەیە،وتیشی: لوبنان هێڵی پێشەوەی بەرخۆدان و ناوێکی دیارە بە ترۆپکی ڕەوتی خۆڕاگرییەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ئێران پرێس، «ڕەییسی» لەو دیدارەدا بە دەربڕینی ئەمەی کە ئەمڕۆ ئەوانەی پێیان وابوو دەتوانن بە ڕێگای دیکە جگە لە خۆڕاگری ڕووبەڕووی ڕژێمی زایۆنی و لایەنگرانی ببنەوە، لە هەڵەکەیان تێگەییشتوون و خەریکی گۆڕینی شێوازی خۆیانن، وتیشی: لوبنان وەک نوکەڕمی بەرەی بەرخۆدان، کاریگەری لەسەر تەواوی کەش و هەوای ناوچەکە داناو نیشانی دا کە تەنیا بەرخۆدان دەتوانێت دڕندەیی و دەستدرێژکاریی ڕژێمی زایۆنی بوەستێنێت.
جەختی لەوەش کردەوە کە، یەکڕیزی و یەکگرتوویی سەرەکیترین پرسە بۆ لوبنان و ئینجا وتیشی: پێکهێنانی حکومەتێکی هێزمەندو بەدەستەڵات لە لوبنان زۆر ستراتیژی و گرنگە و لەم ئاراستەیەشدا یەکانگیربوونی هەموو نەتەوە و ئایین و گروپەکان لە لوبنان زۆر یەکلاکەرەوەیە.
لە کۆتایی دا سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی ئاماژەی بەوەش کرد کە دوژمن هەوڵ دەدات وەھا بنوێنێ کە بارودۆخی ناوچەکە بەپێی خواستی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنی بەرەوپێش دەڕوات، لە کاتێکدا ئاسایی کردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ هەندێک لە حکوومەتەکانی ناوچەکە بە هیچ شێوەیەک ئاسایشت بۆ ڕژێمی زایۆنی دابین ناکات و بە پێچەوانەوە، ڕق و بێزاریی خەڵکی ناوچەکە بەرامبەر بەو ڕژێمە قووڵتریش دەکاتەوە.
هەر لەم دیدارەدا سەرۆک وەزیرانی لوبنانیش خۆشحاڵیی خۆی لە ڕەخسانی ھەلی کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی دەربڕی و وتی: پێم خۆش بوو ئەم کۆبوونەوەیە لە تاران بەڕێوە بچێت و بەدڵنیاییەوە بەم زووانە لە تاراندا دیدار دەکەین.
«نەجیب میقاتی» لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوەش کرد کە لوبنان جگە لە چاکە هیچی دیکەی لە ئێران نەبینیوە و هەمیشە خوازیاری باشترین پەیوەندی بووە لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران داو لە ئێستاش دا پەیوەندییەکانی لوبنان لەگەڵ ئێران لە ئاستێکی زۆر باش و نایابدایە.