ئه‌یلوول 23, 2022 08:29 Asia/Tehran
  • جەختی ڕەییسی لەسەر ڕێگریکردن لە هەر جۆرە گۆڕانکارییەک لە جوگرافیای سیاسیی ناوچەکەدا

سه‌رۆک کۆماری ئێران له‌ دیدار له‌گه‌ڵ سه‌رۆک وه‌زیرانی ئه‌رمینیا له‌ نیویۆرک وتی: کۆماری ئیسلامیی ئێران جه‌خت له‌ سه‌ر پێشگرتن له‌ هه‌ر ئاڵوگۆڕێک له‌ جوگرافیای سیاسیی ناوچه‌که‌ ده‌کاته‌وه‌.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا، ڕۆژی پێنج شەممە بە کاتی خۆجێیی و لە چوارەمین ڕۆژی گەشتەکەی بۆ نیویۆرک، «ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەییسی» سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی لە دیداری لەگەڵ «نیکۆل پاشینیان» سەرۆک وەزیرانی ئەرمینیا ڕایگەیاند کە، کۆماری ئیسلامیی ئێران پێداگرە لە سەرپارێزرانی سنوورە دوو قۆڵی و نێودەوڵەتییەکان وڕێزگیران لە سەروەریی وڵاتان و ڕێگریکردن لە ڕوودانی هەر گۆڕانکارییەک لە جوگرافیای سیاسی ناوچەکەدا.

ناوبراو دیالۆگ و دانوستانی بە ڕێگاچارەی کێشەکانی نێوان کۆماری ئازەربایجان و ئەرمینیا زانی و وتیشی: وەک لە لوتکەی شانگهایش دا جەختمان کردەوە، ناوچەکە بەرگەی هیچ شەڕێکی نوێ ناگرێت.

سه‌رۆک کۆماری ئێران سنووره‌ هاوبه‌شه‌کانی ئێران و ئه‌رمینیای به‌ سنووری مێژوویی زانی و وتی: بەرزکردنەوەی ئاستی هاوکاریی سیاسی و ئابووری پێویستمەندی پاراستنی ئه‌و سنووره‌ گرنگ و ستراتیژیانه‌یه‌.

لەم دیدارەدا سەرۆک وەزیرانی ئەرمینیاش ڕایگەیاند کە، ئێمە هەموو خاک و سەرزەوینی خۆمان دەپارێزین و دژی هەر پیلانێک دەوەستین کە ئامانجی دابڕینی ئێران و ئەرمینیا لە یەکتر بێت.

پاشینیان هه‌روه‌ها هه‌ڵوێسته‌ ڕوون و ڕاشکاوەکانی ئێرانی بۆ پشتیوانی له‌ پاراستنی یه‌کپارچه‌یی خاکی ئه‌رمینیا به‌رز نرخاند.

سەرپەیڤ