فەرماندەی هێزی زەوینیی سپای پاسداران: بە ٧٣ موشەکی بالیستیکەوە مۆڵگەی تیرۆریستان کراوەتە ئامانج
فەرماندەی هێزی زەوینیی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ڕایگەیاند: ھەتا ئێستا ٧٣ موشەکی بالیستیکی زەوی بۆ زەوی و دەیان خۆفڕی ھەڵمەتبەر بە وردی پێگە و مۆڵگەی چالاکی نواندنی تیرۆریستانیان لە ناوچەی ھەرێمی کوردستانی عێراق کردووەتە ئامانج و بووەتە ھۆی لەنێوبرانی تۆکمەو تەواویان.
بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی فارس، سەرداری سەرتیپ «محەممەد پاکپوور» فەرماندەی هێزی زەوینیی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی، بە ئاماژەدان بە ئۆپەراسیۆنی خەباتکارانی بنکەی حەزرەتی «حەمزە سەییدوشۆهەدا» دژی بنکەوبارەگای تیرۆریستانی جودایی خواز، وتیشی: لەم ئۆپەراسیۆنەدا بارەگاکانی تیرۆریستان لە قووڵایی ناوچەی ھەرێمی کوردستانی عێراق ژێروژوور کرا.
سەرداری سەرتیپ «محەممەد پاکپوور» وتیشی: لە قۆناغی نوێی ئۆپەراسیۆنەکەدا بارەگاکانی تیرۆریستانی جودایی خواز کە لە ٤٢ شوێن پەرش و بڵاو بوون و لە هەندێک حاڵەتدا ٤٠٠ کیلۆمەتر لە یەکتر دوور بوون، خاپوور کران.
فەرماندەی هێزی زەوینیی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی وێڕای ئاماژەدان بە پێویستیی بڕیاردانی دەستەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان لە باکووری عێراق بۆ پێچانەوەی بنکەوبارەگای هەموو گرووپ و پیلانگێڕە تیرۆریستییە دژە شۆڕشەکانی نەیاری کۆماری ئیسلامیی ئێران، جەختی کرد: ئۆپەراسیۆنی خەباتکارانی ئیسلام ھەتا چەکداماڵینی یەکجاریی گروپە تیرۆریستییە دژە شۆڕش و جودایی خوازەکان کە لە ناوچەی ھەرێمی کوردستانی عێراق مۆڵ دراون، بەردەوام دەبێت.
بنکەی «حەمزەی سەییدوشۆهەدا» سەر بە هێزی زەوینیی سپای پاسداران ڕۆژی چوارشەممە بە موشەکی خاڵپێک و فڕۆکەی ھەڵمەتبەر بنکەکانی تیرۆریستانی جودایی خوازانی دایەبەرپەلامار.
سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٤ی ڕەزبەریش ئۆپەراسیۆنی ھەڵمەت و تۆپباران کردنی تیرۆریستانی جودایی خوازی لە ناوچەی ھەرێمی کوردستانی عێراق دەست پێ کردەوە.