تشرینی یه‌که‌م 19, 2022 11:55 Asia/Tehran
  • ئێران بانگەشەی ناردنی خۆفڕی بۆ ڕووسیا بەمەبەستی شەڕی ئۆکرانیا ڕەتکردەوە

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هەندێک بانگەشەی پەیوەست بە ناردنی چەک و چۆڵ لەوانە خۆفڕی سەربازیی لە ئێرانەوە بۆ بەکارهێنان لە شەڕی ئۆکرانیای ڕەت کردەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕاگەیاندن و کاروباری وتەبێژیی وەزارەتی دەرەوە، «ناسر کەنعانیی چافی» وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە وەڵامی هەندێ بانگەشەی پەیوەست بە ناردرانی چەک و چۆڵ، لەوانە خۆفڕی سەربازی لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بۆ بەکارهێنان لە شەڕی ئۆکرانیا، ئەو بانگەشانەی بە بێ ناوەڕۆک زانی و ڕەتی کردنەوە.

وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران بانگه‌شه‌ بێ ناوەڕۆکەکانی کە له‌سه‌ر بنه‌مای ھێندێک زانیاریی ناڕاست و بۆچوونی ڕقەبەرانە ھاتوونەتە ئاراوە به‌ به‌شێک له‌ چەواشەکاریی سیاسی و ئامانجدار له‌ لایه‌ن ڕێکخراوه‌ میدیاییه‌کانی هه‌ندێک وڵاته‌وه‌ دژ به‌ کۆماری ئیسلامیی ئێران زانی و به‌م پێیەش ئامادە بوونی ئێرانی بۆ گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ ئۆکرانیا بە مەبەستی ڕوونکردنەوەی ئەو تۆمەتانە ڕاگەیاند.

«کەنعانیی چافی» بە ئاماژەدان بە بێلایەنیی چالاکی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شەڕی ئۆکرانیادا ڕایگەیاند: کۆماری ئیسلامیی ئێران ھەرلە سەرەتای ململانێکانەوە، وێڕای دژایەتی کردنی بەردەوامیی شەڕ، هەمیشە جەختی لە ڕاگیرانی پێکدادانەکان و چارەسەریی ناکۆکییەکان لە ڕێگەی ئاشتیخوازانەوە کردووەتەوەو لەم بوارەش دا کۆبوونەوە و دیدارو پەیوەندیی جۆربەجۆر لەلایەن وەزیری دەرەوەی ئێرانەوە لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی ڕووسیا و ئۆکرانیا ئەنجامی گرتووە.

وتەبێژی دەزگای سیاسەتی دەرەوەی ئێران جەختیشی کرد: کۆماری ئیسلامیی ئێران بە گرتنەبەری هەڵوێستێکی زوڵاڵ و نەگۆڕ، هەمیشە جەختی لە ڕەچاوکرانی بنەمای سەروەری، سەربەخۆیی، یەکپارچەیی خاک و یەکگرتوویی هەموو وڵاتان، لەوانە ئۆکرانیا کردووەتەوە، بە پێی بنەما و ئامانجەکانی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و مافە نێودەوڵەتییەکان.

سەرپەیڤ