تشرینی دووه‌م 04, 2022 16:25 Asia/Tehran
  • بەیاننامەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە بارەی بەرپاکرانی کۆبوونەوەی نافەرمیی ئەنجومەنی ئاسایشت بە پێی داخوازیی ئەمریکاو ئالبانیا

وەزارەتی دەرەوەی ئێران بەرپاکرانی کۆبوونەوەی نافەرمیی ئەنجومەنی ئاسایشتی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکانی بە بانگەشەی تاوتوێ کردنی ڕووداوەکانی ئەم دواییەی ئێرانی بە نمونەیەکی ئاشکرای کەڵکاژۆیی دەوڵەتی ئەمریکا لە میکانیزمە نێونەتەوەییەکان بۆ ئامانجی نایاسایی و دەستوەردانی خۆی لە کاروباری نێوخۆیی وڵاتانی سەربەخۆ زانی.

بە پێی ڕاپۆرتی فەرمانگەی گشتیی ڕاگەیاندن و کاروباری وتەبێژیی وەزارەتی دەرەوە، وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئێران بە دەرکردنی بەیاننامەیەک لە بارەی بەرپاکرانی کۆبوونەوەی نافەرمیی ئەنجومەنی ئاسایشت دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە بە پێی داخوازیی ئەمریکا و ئالبانیا ڕۆژی چوارشەممە دووھەمی نوامبەر لە بنکەی ڕێکخراوەی نەتەوەکان بەرپا کرا، ڕایگەیاند: ئەمریکا بەشێوەیەکی ناشارستانی و نادیموکراسی و بەپێچەوانەی ڕێکارە ئاساییەکان، جگە لەخۆی و چەند بانگێشتن کراوێکی ناوزڕاوچەند وڵاتێکی هاوپەیمانی، ڕێگەی بە هیچ کەسێک و وڵاتێکی نائەندام لە ئەنجومەنی ئاسایشتی نەدا کە قسە بکات !

لەم بەیاننامەیەدا هاتووە: کردەوەی نوێنەری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە مەڕ ڕێگریکردن لە وتار و خوێندنەوەی بەیاننامەی نوێنەری ١٩ وڵاتی ئەندامی گروپی ناسراو بە دۆستانی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پشتگری لە کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەوەی دەرخست کە دەوڵەتی ئەمریکا تەنانەت لە ڕێکخراوەی نەتەوەکانیش دا لە دیکتاتۆریەتی میدیایی دژی دەوڵەتە سەربەخۆکان کەڵک وەردەگرێت.

لە بەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئێراندا ھەروەھا ھاتووە: ئەوەی زیاتر جێگای داخە ئەمەیە کە حکومەتی ئەمریکا بنەمای سەرەکی دامەزراندنی و چالاکی نەتەوە یەکگرتووەکان واتە فرەلایەنی و هاوکاری نێودەوڵەتیی شێواندووە و میکانیزمەکانی ئێستای ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان  بۆ بەرژەوەندیی سیاسی و زێدەخوازییەکانی و بەربەرەکانێی دژی وڵاتانی سەربەخۆ بەکار دێنێ.

کۆماری ئیسلامیی ئێران وێڕای ڕەتکردنەوەی کەڵکاژۆیی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و چەمکی پیرۆزی مافی مرۆڤ و ڕوانگەی ئامرازانەی بەم دامەزراوەیە بۆ پێشخستنی ئامانجی سیاسی و دەستوەردەرانەی، هەوڵە بەردەوامەکانی ئەم وڵاتە بۆ دروستکردنی ناسەقامگیری لە ئێراندا بە توندی شەرمەزار دەکات.

سەرپەیڤ