کانونی یه‌که‌م 13, 2022 16:19 Asia/Tehran
  • سەردار تەنگسیری: ئێران موشەکی وای هەیە کە ئەمریکا قەت بیریشی لێ ناکاتەوە

فەرماندەی هێزی دەریایی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی جەختی لەوە کردەوە کە ئێران موشەکی وای هەیە کە ئەمریکا قەت بیریشی لێ ناکاتەوە و ئەو چەکانەی کە ئێران لە مەشقەکاندا نیشانی دەدات ئەو چەکانە نین کە لە کاتی شەڕدا دەیانھێنێتە مەیدانەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی فارس، دەریاوان «عەلیڕەزا تەنگسیری» فەرماندەی هێزی دەریایی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی، ئەمڕۆ سێشەممە، وتیشی: دوژمنی واوە ناوچەیی لە ئەقیانووسی هیند، دەریای عومان و کەنداوی فارس دەبێ بەسەر تەرمی جەنگاوەرانی ئێرانی دا تێپەڕێت ھەتا دەستی بە وڵاتەکەمان بگات.

سەردار تەنگسیری وێڕای ئاماژە کردن بەمەی کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەی 44 ساڵی سزاکان دا دەستکەوتی گەورەی ھەبووە، جەختی لەوەش کردەوە کە، خێرایی ئاوگەڕە ئێرانییەکان سێ ئەوەندەی خێرایی ئاوەگەڕەکانی ئەمریکایە، جەستە و مسۆگەراتی ئاوگەڕەکانی ئێرانیش ھەر ھەمووی نێوخۆیین، لە کاتێکدا کە پێش شۆڕش لە ئێراندا نەتوانراوە بەلەمێکیش دروست بکرێت.

فەرماندەی هێزی دەریایی سپای پاسداران وێڕای پێداگری لە سەر ئەمەی کە سێ دوورگەی تونبی بچووک، تونبی گەورە و بووموسا ئێرانین، وتیشی: ئەو دوورگانە پێناسەو شوناسی ئێرانیان هەیە و ئەگەر بمانەوێت بگەڕێینەوە بۆ مێژوو، دۆخەکە بە قازانجی وڵاتانی عەرەبی نابێت .

سەردار تەنگسیری تیشکی خستەسەر هەڕەشەی دوژمنانیش و وتی: گەرووی هورمز ھەتا ئەو کاتەی ئێران بەکاری بهێنێت، کراوەیە.

فەرماندەی هێزی دەریایی سپای پاسداران جەختی لەوەش کردەوە کە ئێران نایەوێت گەرووی هورمز دابخات، بەڵام ئەگەر ڕۆژێک گەرووی هورمز بەڕووی کەشتییە ئێرانییەکان دابخەن، ئێمە ڕێگە نادەین کەس بەو شوێنەدا تێپەڕێت.

فەرماندەی هێزی دەریایی سپای پاسداران ئاماژەی بەوەش دا کە، ئێمە ئاوی نێودەوڵەتیمان لە کەنداوی فارسدا نییە؛ ئەم ئاوانە یان هی ئێمەن یان هی وڵاتانی کەنداوی فارسن و هەربۆیە بێگانە ھیچ جێگایەکی لەم ناوچەیەدا نییە.

سەرپەیڤ