کانونی یه‌که‌م 20, 2022 17:28 Asia/Tehran
  • لێکۆڵینەوە لە دوایین پێشهاتە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان و دانوستانی هەڵوەشاندنەوەی سزاکان لە کۆبوونەوەی «ئەمیر عەبدوڵڵاهیان» لەگەڵ «جۆزێپ بورێل» دا

وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران و بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا پێداچوونەوەیان بە گرینگترین پرسەکانی کارنامەی ئێران و یەکێتیی ئەورووپا و بەتایبەت مەرجەکانی بەڕێوەبردنی دانوستانەکانی ڤیەننا کرد.

«حسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان» وەزیری دەرەوەی ئێران ڕۆژی سێشەممە لە پەراوێزی کۆنفرانسی بەغدا-٢ لە عەممانی پایتەختی ئۆردۆن لەگەڵ «جۆزێپ بۆرێل» بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا دیدار و وتووێژی کرد.

بە پێی ڕاپۆرتی فەرمانگەی گشتیی ڕاگەیاندن و کاروباری وتەبێژیی وەزارەتی دەرەوە، «ئەمیر عەبدوڵڵاهیان»، وێڕای ئامادەیی ڕاگەیاندنی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ کۆبەندیی دانوستانەکانی ڤیەننا بە پشتبەستن بە ڕەشنووسی ھەگبەی دانوستان کە دەرەنجامی چەندین مانگ وتووێژی چڕوپڕە، ئامۆژگاریی لایەنەکانی دیکەی کرد کە خۆیان لە کاری سیاسی بەدوور ڕابگرن و ڕێبازی بنیاتنەر و ڕاستەقینە بگرنەبەرو بڕیاری سیاسیی پێویست بدەن بۆ ڕاگەیاندنی ڕێککەوتن.

وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران ھەڵوێستی وڵاتانی ڕۆژئاوای لە پشتیوانی کردنی ئاژاوەگێڕان و سەپاندنی سزای نایاسایی بەسەر کۆماری ئیسلامیی ئێران دا لە ژێر خۆنمایشکردنی درۆینەی پاراستنی مافی مرۆڤی گەلی ئێران شەرمەزار کرد.

«ئەمیر عەبدوڵڵاهیان» پاراستنی مافەکانی مرۆڤی بە یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی شۆڕشی ئیسلامی زانی و وێڕای وەبیرهێنانەوەی نزیکبوونەوەی وڵاتانی ڕۆژئاوا لە پێشێلکردنی مافی مرۆڤی نەتەوەی ئێران، لەوانەش هاوڕێیەتیکردنی گەمارۆ نایاساییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، پەرۆشیی وڵاتانی ڕۆژئاوای سەبارەت بە پێشێلکرانی مافی مرۆڤ لە ئێران بە جێی باوەڕ نەزانی.

سەرۆکی بەشی سیاسەتی دەرەوەی ئێران بە شیکردنەوەی هەڵوێست و پرەنسیپی بنەمایی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پشتیوانی کردنی سەروەری و  یەکپارچەیی خاکی ئۆکرانیا و جەخت کردنەوە لە ڕێگاچارەی ئاشتیانە بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕ و چارەسەریی قەیرانی ئۆکرانیا، ئامادەیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی دەربڕی بۆ ڕەواندنەوەی ھەرچەشنە تێنەگەیشتنێک بە ھۆی ھەڵس و کەوتی ڕاستەوخۆ لەگەڵ لایەنی ئۆکراینی دا.

«جۆزێپ بورێل» هەڵوێست و ڕوانگەکانی یەکێتیی ئەورووپا بەرامبەر بە کۆماری ئیسلامی ئێرانی لە چەند مانگی ڕابردوودا ڕوونکردەوەو پرسی بەرجام و دانوستانە ئەتۆمییەکانی جیا لە پرسەکانی دیکە بە ئەرکێکی هەردوولا زانی و جەختی لە ئیرادەی یەکیەتییەکە کردەوە بۆ پێشکەوتن و بە ئەنجام گەیاندنی دانوستانەکان.

سەرپەیڤ