دیداری دانوستانکاری باڵای حکومەتی ڕزگاری نیشتیمانی یەمەن لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران
وەزیری دەرەوەی ئێران پێی داگرت لە سەر پێویستیی هەڵگیرانی گەمارۆ لە سەر یەمەن وەکوو هەنگاوێکی مرۆڤدۆستانە.
"حسێن ئەمیرعەبدوڵاهیان" وەزیری دەرەوەی ئێران ڕۆژی ڕابردوو لە دیداری "محەممەد عەبدوسەلام" دانوستانکاری باڵای حکومەتی ڕزگاری نیشتیمانی یەمەن لە مەسقەتی پێتەختی عومان، ڕێزی گرت لە بەرخۆدانی گەلی یەمەن بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان و جەختیشی کرد لە سەر پشتیوانی کردنی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە خەڵکی ئەم وڵاتە.
ئەمیرعەبدوڵاهیان وتیشی: کۆماری ئیسلامیی ئێران بەردەوام سوور و پێداگر بووە لەسەر پێویستیی دیتنەوەی ڕێگاچارەیەکی ئاشتیانە بۆ قەیرانی یەمەن و وتووێژی سیاسی ناوماڵی یەمەنی وەکوو پرسێکی ناوخۆیی بە گرینگ و بنیاتنەر دەزانێ.
وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی کرد وەکوو پرسێکی مرۆیی گەمارۆی یەمەن دەبێ هەڵگیردرێ و خەڵکی ئەم وڵاتە بتوانن ژیانێکی ئاساییان لە وڵاتی خۆیاندا هەبێ.
دانوستانکاری باڵای حکومەتی ڕزگاری نیشتیمانی یەمەنیش بە ڕێز و سپاس دەربڕین بەرامبەر بە داکۆکییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە گەلی یەمەن، ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە دوایین ڕووداو و گۆرانکارییەکانی یەمەن ئاراستە کرد.