کانونی دوھەم 21, 2023 13:52 Asia/Tehran
  • سەرلەشکر سەلامی: نابێت ئەوروپییەکان هەڵەکانی ڕابردوویان دووبارە بکەنەوە

فەرماندەی گشتیی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی، لە کاردانەوە بە کردەوەی دۆش داماوانەی پەرلەمانی ئەورووپا لە مەڕ دانانی ناوی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی لە لیستی خۆیان وتەنی "رێکخراوە تیرۆریستییەکان"، وتی: ئەوروپییەکان دەبێ هەڵەکانیان دووبارە نەکەنەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی سپا نیوز، سەرلەشکر«حسێن  سەلامی» فەرماندەی گشتیی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ڕۆژی شەممە پاش دیدار لەگەڵ «محەممەد باقر قاڵیباف» سەرۆکی مەجلیسی شورای ئیسلامیی ئێران وتیشی: ئەگەر هەوڵ و خەباتی پێکھاتەی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، بە تایبەت لقی قودس و سەرکردەی شەھید «سەردار سولەیمانی» نەبایە، بە دڵنیاییەوە ئەو گڕکانە تیرۆریستییەی کە ئەمریکییەکان دروستیان کردبوو، کاریگەری لەسەر ئەوروپییەکانیش دادەناو ئەو ئاسایشەی کە ئەمڕۆ لە ئەوروپادا ھەیە، لەناو دەچوو.

فەرماندەی گشتیی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران وتیشی: ئەمریکا و ئەوروپا وەک چۆن بەرگریی ڕەوای فەلەستینییەکان بە تیرۆر و لەشکرکێشیی زایۆنییەکان بە بەرگرییەکی ڕەواو! بەرگریکردنی گەلی یەمەن لە یەکپارچەیی و سەروەریی نیشتیمانی و سیاسیی خۆیان بە تیرۆر دادەنێن و لە بەرامبەردا، لەشکرکێشانی ئالی سەعودو هاوپەیمانەکانی بە بەرگرییەکی ڕەوا لە قەڵەم دەدەن، ھەر ئاواش بەرەڤانیی گەلی ئێران و سپای پاسداران لە بەھاو بایەخەکانیان بە تیرۆریزم دەزانن و کەچی خۆیان وەک دژە تیرۆر دەناسێنن و بە پێچەوانەشەوە داڵدەی تیرۆریستان دەدەن.

سەردار سەلامی ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوروپا دووجار تێوەگلاوە لە جەنگێکی جیهانیدا و ئەمڕۆ ئەوروپایەکی نوێ لەسەر وێرانەکانی هەمان شەڕەکانی ڕابردوو دروست بووە. ئەوروپا لە هەڵەکانی ڕابردووی خۆی پەندی وەرنەگرتووەو پێی وایە بەم جۆرە بەیاننامەگەلە دەتوانێت ئەم سپا بەربڵاوە کە تژییە لە هێزی ئیمان و پشت بەستن بە خودا و دەستەڵات و ئیرادە، سست بکات.

قالیبافیش ھەر لە دیدارەکەدا وتی: ئەگەر پەرلەمانی ئەوروپا بیەوێت پەنجەرەی ژیرایەتی دابخات و بە ئاراستەی بەرگریکردن لە تیرۆر هەنگاو بنێت، دیارە مەجلیسی شورای ئیسلامیش ئامادەیە بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە بەرامبەر بەو ھەنگاوانەیان بجوڵێتەوە.

سەرۆکی مەجلیسی شورای ئیسلامیی ئێران وتیشی: ئەوروپییەکان پێیان وایە کە سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی وەک هێزە نیزامییەکانیان، هێزێکی تەنیا سەربازییە، خافڵ لەوەی کە سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی و بەسیج  لەناخی خەڵک و نەتەوەی ئێران ھەڵقوڵاون.

سەرپەیڤ