شوبات 04, 2023 07:32 Asia/Tehran
  • کاردانەوەی ئەنسیە خەزعەلی بەرامبەر بە دەرکرانی ئافرەتی کۆنگرێسمانی ئەمریکی

یاریدەری سەرۆک کۆماری ئێران بۆ کاروباری ژنان و خێزان بە ئاماژە بە دەرکرانی ئافرەتە کۆنگرێسمانەکەی ئەمریکا لە بەر ڕەخنەگرتن لە ئیسرائیل، نووسی: ئەمە حەقیقەتی ئازادییە لە ڕۆژئاوادا.

«ئیلهان عومەر» ژنەموسڵمانی سەربە پارتی دیموکراتی ئەمریکا ڕۆژی پێنجشەممەی دووھەمی فڤریە لە دەنگوەرگرتنێکی حزبیدا کە لە ھۆڵی کۆبوونەوەی نوێنەران دا ھەرای لێ کەوتەوەو بووە ھۆی توڕە بوونی ئەمیش،لە لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران دەرکرا.

ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا بە٢١٨دەنگی بەڵێی کۆمارییەکان و٢١١ دەنگی نەخێری دیموکراتەکان «ئیلهان عومەر»ی لە لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کۆنگرێس وەدەرنا.

لە بڕیارنامەکەی ڕۆژی پێنجشەممەی کۆمارییەکان دژی «ئیلهان عومەر» بە ئاشکرا ڕەخنە لەوە گیراوە کە ناوبراو لە توییتێکی ساڵی ٢٠١٩ ی دا لایەنگرانی ئیسرائیلی وەک «پارە پەرست» ناوبردووە.

لەم توییتەدا «ئیلهان عومەر» بە لاقرتییەوە بە لایەنگرانی کۆماریخوازی ڕژێمی زایۆنی وت: هەموو شتێک لە بارەی بنیامینە خۆشەویستەکەیانە.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیسنا، «ئەنسیە خەزعەلی»، یاریدەری سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی بۆ کاروباری ژنان و خێزان لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر نووسیویەتی: ژنە کۆنگرێسمانی ئەمریکی بە هۆی ڕەخنەگرتن لە ئیسرائیل دەرکرا.

«خەزعەلی» بە ئاماژە بە یەکەمین کۆنگرەی نێودەوڵەتیی ژنانی کاریگەر نووسی: دوو میوان لە ئەمریکا و ئەڵمانیاوە لە کۆنگرەی ژنانی کاریگەر ئامادە بوون ، یەکەمیان وتی: ئەگەر کەسێک لە ئەمریکادا دژی ئیسرائیل قسە بکات کاروپیشەکەی لە کیس دەچێت و ئەوی کەشیان وتی: بەڵام لە ئاڵمانیا سەری لە کیس دەچێت، ئینجا هەمووان پێکەنین.

خەزعەلی دەشڵێت: ئەمە حەقیقەتی ئازادییە لە ڕۆژئاوادا.

سەرپەیڤ