شوبات 04, 2023 09:34 Asia/Tehran
  • ملھوڕایەتیی کۆنگرێسی ئەمریکا بەرامبەر بە ئافرتان

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران کردەوەی کۆنگرێسی ئەمریکای لە مەڕ دەرکردنی «ئیلهان عومەر» لە لێژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە بە ملھوڕایەتییەکی پەرلەمانی لە ئەمریکا بۆ بایکۆتکردنی دەنگی ئافرەتان وەسف کرد.

«ئیلهان عومەر» ژنەموسڵمانی سەربە پارتی دیموکراتی ئەمریکا ڕۆژی پێنجشەممەی دووھەمی فڤریە لە دەنگوەرگرتنێکی حزبیدا کە لە ھۆڵی کۆبوونەوەی نوێنەران دا ھەرای لێ کەوتەوەو بووە ھۆی توڕە بوونی ئەمیش،لە لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەران دەرکرا.

هەر لەم پێوەندییەداو بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی ئێران، «ناسر کەنعانی چافی» وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، دەرکرانی «ئیلهان عومەر» لە لێژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کۆنگرێسی ئەمریکای بە ملھوڕایەتییەکی پەرلەمانی لە ئەمریکادا زانی بۆ بایکۆت کردنی دەنگی کۆنگرێسمانێکی ئافرەتی ڕەخنەگر.

«کەنعانی چافی» ئاماژەی بەوەش دا: دەرکرانی «ئیلهان عومەر»ی ڕەشپێست، موسڵمان و ڕەخنەگری ڕژێمی ئاپارتایدی ئیسرائیل، لە لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کۆنگرێس، نمونەیەکی ڕادەی پابەندبوونی کردەیی ڕژێمی ئەمریکا بە دروشمی «ژن، ژیان، ئازادی»یە!. دروشمێک کە بۆ دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی ئێران ھێنایانە ئاراوە!.

«ئیلهان عومەر» پەنابەرێکی سۆمالی و لە ڕیزی پێشەوەی ئەو ئافرەتە موسڵمانانەیە کە لە ئەنجومەنی نوێنەران دا خزمەت دەکات و زۆرجاریش ڕووبەڕووی هەڕەشەی کوشتن و مەترسی و  توندوتیژیی دیکە دەبێتەوە.

نووسینگەکەی ئەم ئافرەتە موسوڵمانە کۆنگرێسمانەی ئەمریکا بە میدیاکانی ئەو وڵاتەی ڕاگەیاندووە کە، لەو کاتەوەی ناوی «ئیلهان عومەر» لە هەواڵەکاندا دەرکەوتووە، هەڕەشەی توندوتیژیی دژ بە ناوبراو بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.

کۆمارییەکان لە ئەنجومەنی نوێنەران دوای لێدوانەکانی «ئیلهان عومەر» کە «کڤین مەک کارتی» سەرۆکی ئەم ئەنجومەنە وەک «لێدوانێکی دژەجولەکەو دژە ئەمریکی» لێکی داوەتەوە، ھەستان بە دەرکردنی ناوبراو لە لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا.

 

سەرپەیڤ